لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی نوێی بڵاو کردەوە و سەرەڕای ئەوەی خۆی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندووە بەڵام بە توندی ڕەخنەشی لە سەرکردەکانی ئەم حیزبە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان گرتووە.
دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی لە درێژەدا هاتووە:
هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفال و كيمياباران و جینۆسایدە، بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەدرێژایی خەباتی نەتەوایەتیمان بەرهەمەکەی فیدراڵییەت و حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بوو، بەڵام ئەم هەرێمە کە ئێستا لەژێر مەترسیی پاشەکشەیەکی دەستووریی و سیاسیدایە، دەبێت حیزب و سیاسییەکان بە تایبەتی سەرانی یەکێتی و پارتی کە لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان هەرکات بیانەوێت شەش مانگ کۆک و شەش مانگ ناکۆکن و بەردەوام یاریی ترسناک بە چارەنووسی ئەم میللەتەوە دەکەن وەک ئەوەی وابێت ئەوان خاوەنی ئەم خاک و خەڵکەبن لەکاتێکدا خاوەنی نین، بەڵگەش بۆ ئەوە دەنگنەدانی سەدا حەفتاوسێی دەنگدەرانی هەرێم بوو بە هیچ پارتێکی سیاسی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، بۆیە لەبری ئەوەی خەریکی قۆڵبادانی یەکتر و گوێڕایەڵی دەوڵەتان بن باشتر وایە بیر لەئێستا و ئایندەی سیاسیی هەرێم و خەڵکەکەی بکەنەوە ئەگینا بەدڵنیاییەوە بەردەوامبوونتان بەم ڕەفتارانەتان وا دەکات کە میللەت لێتان ڕابچڵەکێت و وڵات بەدەرتان بکات./.