ساڵی ١٩٧٩ لە ژێر ناونیشانی شەڕی هەژموونی شوعیەت کە یەکێتی سوڤیەتی ئەوسای لە پشت بوو، گروپێک بە ناوی موجاهینی ئەفغان لەو وڵاتە سەریهەڵدا، کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکردن، وە دواتر هەریەک لە سعودییە و پاکستان چوونە پاڵ ئەمەریکا بۆ پشتیوانی لەو گرووپە.
شایانی باسە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت ئەفغانستان جگە لەوەی کراوەتە مەیدانی شەڕی بە وەکالەت و هەمووانیش خۆیانیان لێ تاقیکردۆتەوە لە کۆمەنیستەوە بگرە تا توندڕەوی ئیسلامی لە نموونەی تاڵیبان و قاعیدە.
پەیوەست بەو پرسەش و لە پێناو بردنەوەی گرەوی ململانێکە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە بیست ساڵی ڕابردوو سەدان ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانی سەربازی و مەدەنی لە ئەفغانسان بۆ لایەنە ناکۆکەکانیان خەرج کردووە.
بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە نەک هەر بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە وڵاتەکەیان نەیانتوانیوە سوود لەو پشتیوانیە وەرگرن، بگرە هەتا توانیان دزی و گەندەڵیان کرد، بەشی هەرەزۆری ئەو پارەیەی ئەمریکا دەچووە گیرفانی دەسەڵاتداران، ئەوان هەتا توانیان سەربازی بندیوارو نوسینگەو کۆمپانیای وەهمیان دروست کرد بۆ ئەوەی دەستبگرن بەسەر ئەو داهاتەی لە ژێر ناونیشانی کۆمەک دەهاتە ئەفغانستان.
لەم چەند ساڵەدا، زۆربەی ئەو هاوکاریانەی لەلایەن ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا دەگەیشتە ئەفغانستان، دیار نەدەمان، پێداویستیە سەربازی و تەندروستیەکان دەفرۆشرانەوە پاکستان و پارەکەی دەچووە گیرفانی دەسەڵاتداران.
بەشی هەرە زۆری سوتەمەنی دەدزرا،ئەو پارەو هاوکاریانەی لە لایەن وڵاتان، دەدرا بە کەس وکاری قوربانیانی شەڕو تیرۆر، زۆربەی هەرەزۆری دەچووە گیرفانی بەرپرسەکانیان.
سەرکردە گەندەڵەکانی ئەفغانستان، بوونە خاوەنی باشترین خانوو لە کابولی پایتەخت و مەزاری شەریف و هەرات و دوبەی و ئەستەنبوڵ و شارەکانی تری جیهان، بوونە خاوەنی دەیان سەیارەی لاندکرۆزر و لەگززی درع، خەڵکی هەژار و نەخوێندەواری ئەفغانیش وەکو مەڕ بەدوایان کەوتبوون و هوتاف بارانیان دەکردن.
ئەوانەی والی شارە گەورەکان بوون، تایبەت ئەو شارانەی هاوسنوری وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بوون، بوونە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار، بەشی خۆیان هەبوو لە گومرگەکان، لەو سەیارە باربەرانەی باریان دەهێناو دەبرد بەشیی ئەوان دیاری کرابوو، لە پڕۆژەی بیناسازی و پڕۆژەی ستراتیژی بەشی شێریان وەبەر دەکەوت..
لە ئەفغانستان سەرکردەیەکی وەک "عەبدولڕەشید دۆستەم " هەبوو جگە لەو پارەیەی مانگانە ڕاستەوخۆ لە تورکیا وەریدەگرت، لە گومرگی ئاقینە فاریاب«ھاوشێوەی برایم خەلیل»بەشی خۆی هەبوو، لە ئێستادا باشترین خانوو ڤێلای لە ئۆزبەکستان و تورکیا ئەوروپا هەیە.
گەندەڵی بەرپرسانی ئەفغانستان لە ماوەی دوای جەنگی تاڵیبان وایکرد کە بە بڕیارێکی سەرۆکی ئەمەریکا لە رۆژی 30ـی ئابی 2021، دوایین سەربازی ئەمریکا ئەفغانستانی جێبهێڵێت. دوای ئەوەش بزووتنەوەی تاڵیبان جارێکی دیکە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە دەست.
پرسیارەکە لێرەداییە کە ئایا دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەرپرسە گەندەڵەکانی ئەو وڵاتە چیان بەسەر ھات و گەیشتنە کوێ؟!
ئاشکرایە کە زۆربەی زۆری ئەو سەرکردانە ئێستا ئاوارەو پەراگەندەی وڵاتان بوونەو خەڵکی وڵاتەکەیان گاڵتەیان پێدەکەن.
بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین و بەدواداچوون بەراوردێک بۆ وەزعی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان بکەین، ئاستی پێشکەوتن و هەندێک لایەنی تری لێدەرچێ، دەبینین لەزۆر شتی دیکە لە یەک نزیکین!!
ئەگەر تەنیا هێزی پێشمەرگە بە نموونە وەرگرین بۆ بەراوردی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان، لە هەرێمی کوردستانیش ٣٢ ساڵە تا ئێستا هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بوونی نیە، لە ئاستی ئابووری و بازاڕ لێرەش گەندەڵی بەربڵاوە، کەسانێکی زۆر لەسەر حسابی خەڵک وەک ملیاردێر و ملیۆنێری گەوەرە هەلتۆقیون.
بەڵام بەرپرسانی ئێرە هەمیشە دڵی خۆیان بەوە دەدەنەوە کە ئێرە ئەفغانستان نیە، تا ئەمەریکا وا بە ئاسانی دەستبەرداری بێت.
ئەویان جۆرێک ڕاستی تێداییە بەڵام دەبێت هەموو لایەک ئەو راستیە بزانێت کە دەستبەرار بوون لەو دەسەڵاتە بە مانای دەسەبەرداربوون لە هەرێمی کوردستان ناگەیەنێت.
لەو بارەیەوە هەڕەشەکانی بەردەوامی هاوپەیمانان لە ناویاندا ئەمەریکا بۆ بڕینی هاوکاری هێزی پێشمەرگە پەیامی ڕوونن، بە تایبەت بۆ ئەوانەی نایانەوێت دەرس و پەند لە ئەزموونی ئەفغانستان وەرگرن.
بۆیە ئەگەر سەرکردەکانی خۆمان دەرسێک لە ئەفغانستان وەرنەگرن، بەدووری نازاندرێ لەوان خراپتریان بەسەربێ.