نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ڕایگەیاند کە دەبێت پارێزگاری لە مافی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت.
جنین پلاسخارت ڕۆژی سێ شەممە لە میانەی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا لە سەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرێنییە بەڵام بەس نییە و پێویستە پارێزگاری لە مافەکانیان بکرێت و ئەم بابەتە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی شیاع سودانی لە ماوەی کارکردنیدا هەنگاوی گرنگ و دەستپێشخەری گرنگی خستووەتەڕوو بۆ چاکسازی بە تایبەت لە بواری دارایی و بانکی.