ڕەنگە تۆ مامۆستایەکی ئەکادیمی باش بیت بۆ خوێندکارەکانت، بەڵام ناکرێت وابزانیت پانێڵیست و میدیاکارێکی وردو زانستی باش بیت بەرامبەر سیاسیەکان، ماوەیەکە هەندێک پڕۆفیسۆرو ئەکادیمیستی کوردی زۆر نەشارەزایانە پانێڵەکان بەڕێوە دەبەن و خەریکە ئەو بوارە دەشێوێنن بەپرسیارو ئارگیومێنتی جیاوازو دوور لە ڕێساو یاسا میدیایی و ڕۆژنامەوانیەکان، لەبری ئەوەی سیاسیەکان بهێننە قسە خۆیان قسەی زۆرتردەکەن، لەبری ئەوەی پرسیاری ئازارەکانی خەڵک بکەن پرسیاری دڵی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن، لەبری پرسیاری ئازایانە پرسیاری ئوتوکراوی ئامادەکراوی ڕەنگکراوی دوبارە دەکەن لە میوانەکان، ئەوەش بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی ئیمتیازەکانیان.
لەدیداری مێری، ئاستی فیکری و ئەبستمۆلۆژی و ڕەهەندو قوڵایی پرسیارکردن لەمیوانەکان یان زۆر سادەو ساکاربوون، یان پڕبوون لە پێکەنین و موجامەلاتی میدیایی لە دەرەوەی جەوهەری پرسە گەرمە سیاسیەکان و ئازارەکانی خەڵک.
تۆی پانێڵیست ڕاستە پڕۆفیسۆر یان وەرگێڕو توێژەرێکی باشیت، بەڵام مەرج نییە میدیاکارێکی باش و پرسیارکەرێکی دانا بیت ، هەر ئەوەیە تۆ مامۆستایەکی زانکۆیت و قەدەری ناعەدالەتی و نایەکسانی و میزاجی حیزبی و ئایدۆلۆژی تۆی خستۆتە سەر ئەو ستەیجە سیاسییە وەک هەموو کایەکانیتر.
ناکرێت سەکۆی بەڕێوەبردنی پانێڵ و دیدارەکان ئاوا قۆرخ بکرێ بۆ گروپێکی نەشارەزا، تکایە ئەو سەکۆیە جێبهێڵن بۆ پسپۆڕانی ڕاگەیاندن و میدیاکاران و ئەو ستەیجانەش پەرپووت و سووک مەکەن بە پرسیارو ئارگیومێنتی لاوازو زاراوەی بیانی و جوملەو ئیدیۆمی دوور لەواقیع و جوڵەی دەستەکانتان.
ئاسۆ عەبدولەتیف