وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر لە دەرەوەی سنوری هەرێم و لە پشت هێڵەکانی سوپای عێراقەوە هاتوون.
ڕێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ سێ شەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە لە گەڵ هاوپەیمانان قسە کراوە کە کارێک بکرێت هەرێم نەبێتە قوربانی ئەو ململانێیەی کە لە عێراقدا هەیە.
ناوبراو وتی کە هێرشەکە مەترسیدار بووە و لە ڕێگای درۆنەوە کراوە و تا ئێستا کەسیش دەستبەسەر نەکراوە.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم وتی کە بۆشایی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەلێکی لەباری بۆ گرووپە چەکدارەکان درووستکردووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش لە گەڵ حکومەتی عێراق لە وتووێژداین./.