وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە و دوورکەوتنەوە لە شەڕ بە ستراتیژی سەرەکی حکومەت دادەنرێت.
فۆئاد حوسێن لە میانەی وتارێکی لە کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی عێراق لە شاری بەغدا وتی کە مەترسییەکانی سەر ناوچەکە لە ئێستادا زۆرن و دەمانەوێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراق، وڵاتەکەمان لە شەڕ دووربخەینەوە.
ناوبراو وتی کە عێراق پەیوەندییەکانی بە پێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەبەستێت و سیاسەتی دەرەوە کاریگەری لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵات وەردەگرێت.
فۆئاد حوسێن وتی کە گرنگی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەدەین.
ڕاشیگەیاند کە هەڵوێستی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی فەڵەستین وەک خۆی دەمێنێتەوە.