وا ساڵی 2023 کۆتایی دێ لە سایەی ململانێ و ناكۆكیەكاندا: بەردەوامبوونی جەنگی ئۆكرانیا، گرژی نێوان ئەمریکا لەگەڵ روسیا و چین لەلایەك و جەنگی ئەم دواییەی سەر غەزە لەلایەكی تر. کە هەموو ئەمانە هاوكاتن لەگەڵ بەردەوامی ئاماژەكانی پاشەكشەی گەشەی ئابوری جیهانیی، هەربۆیە بەڕاستی ساڵێكی پڕ لە وەرچەرخانی توندو مەترسیدار بوو، و ئەگەر ڕێگەی پێنەگیرێ هەڕەشەیەكی جدییە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. هیوادارین ساڵی نوێ سەرەتایەك بێت بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەو گرفتەکان.
دیارە لە نێوەندی ناكۆكیەكانی ئێستادا لەبارەی دەركەوتنی سیستەمێكی نوێی دوو یان فرە جەمسەری، جیهان دەکەوێتە بەردەم رێگای جیاوازەوە لە رووبەرووبونەوەی ئاڵینگارییەكان. ئەمەش پێویستی بە جوڵەی کارا دەبێ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە رێگەی پەیماننامەكان و تێگەیشتنەوە بۆ بەرگرتن لە توندبوونی ململانێكان لەلایەك، ودانانى رێگایەك بۆ دەرباز بوون لە كێشەو گرفتەكان لەلایەكی ترەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگای ئاماژەیە، هەڵكشانی كێشە نێودەوڵەتیەكانە لە ناوچە جۆراوجۆرەكان، گرژییە جیۆسیاسیەكان، ململانێی چەكداری و جەنگی ئابوری، بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی ئەو مەترسیە وجودیەدا نییە كە هەڕەشەیە بۆسەر زەوی؛ ئەویش كێشەی كەش و هەواو لێكەوتەكانێتی لەسەر ئاسایشی خۆراكی و ئاو و كۆچكردن. و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییەش بەبێ لێکگەیشتن و ئاسایشی نێودەوڵەتی چارەسەر نابێ، بەتایبەتی وەلانانی گومانی نێوان زلێهزەكان كە بەرپرسیارێتی بەشی گەورەی كاری رووبەرووبوونەوەی لێكەوتە مەترسیدارەكانی گۆڕانكاری ژینگەیان بەردەكەوێ.
لەم ڕوەوە، پێویستە ئاماژە بەو سەركەوتنە بكرێ كە لە كۆنگرەی (ژینگە، كوپ 28) بەدەست هات لەسەر هەردوو ئاستی رێكخستن و دەرەنجامەكانی كە لەلایەن دەوڵەتی ئیماراتەوە رێكخرابوو. لە خۆێدا بەستنی كۆنگرەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە مەترسی گۆڕانكاری كەش و هەوای لەسەرە، هەروەها دەرەنجامەكانی گرنگ بوون بۆ کۆتایی هێنان بە بڵاوەکردنی گازی کاربۆن دایکۆساید و بوژانەوە لە ساڵی 2050 بەپێی پێوەری زانستی، و هەروەها پشتیوانی وزەی نوێ و چالاككردنی سندوقی زیانەكان.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها گیرۆدەی لێكەوتەكانی كەش و هەوا نیە، بەڵكو سەرچاوەی هەڕەشەی بەردەوامە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێو دەوڵەتی، جەنگی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزە رووداوی مەترسیدار و کارەسەتبارە. ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچە مێژووییەی دڵی جیهاندا بەدی نایەت تاوەكو کێشەی گەلی فەلەستین چارەسەر نەكرێت: بێگومان جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە سەلماندی كە مانەوەی پرسی فەلەستین بە هەڵواسراوی و بەردەوامبوونی ستەم لەگەلی فەلەستین، و یاری كردن بەكات بۆ لە ناوبردنی پرسەكە؛ هەوڵێکی شكستخواردووە، بگرە هەڕەشەیەكی بەردەوامیش دەبێ بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی. هەروەها ئەم جەنگەو لێكەوتەكانی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئێستا كاتێتی چارەسەری پرسی فەلەستین بكرێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەڵەستینی سەربەخۆ، و كۆتایی هێنان بەنەهامەتی ئەو گەلەی چەندین ساڵە ئارامی گرتوە.
ئەنجامێكی دیكەی ئەم جەنگە، و کێشەکانی تری ناوچەکە، ئەو باسەی رەتکردەوە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرنامەی سەرەکی ئەمریكا و زلهێزەكانی تردا نەماوە. بەهێزکردنەوەی پێگەی سەربازی ئەمریكا لەناوچەكەدا، لەگەڵ بوونی هێزە مەزنەكانی وەك چین و روسیا لە رووی سیاسی و ئابوری و بازرگانییەوە، میحوەرێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیەكەی بۆ هەموو جیهان دەردەخات.
گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی جەنگی غەزەوە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە، ئاماژەیە بۆ دواخستنی وەرچەرخانی ئەمریكا ڕوەو ڕۆژهەڵاتی دوور، و بڵاوەپێكردنی سەربازی لەناوچەكەدا، گەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت، گرنگیپێدانی ئەمریكا دەسەلمێنێ، لەهەمان كاتدا گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریكا و جیهان دەسەلمێنێ. بەبێ ئاسۆی سەقامگیری بەردەوامیش ئەم بێنەوبەرەیە بەردەوام دەبێ، و بەردەوام ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەبێ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیدا دەبێ.
عێراق وەک ناوەندی گۆڕانكارییەكان
بەهۆی جەنگ و ململانێی و تیرۆرەوە عێراق ماوەیەكی دورودرێژە نەهامەتی دەچێژێ، و ئێستا ویستی هەستانەوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی كارەساتەكانی ڕابردوو؛ پێویستیشی بەوەیە بگات بە پێگەی سروشتی و میحورییەكەی. گۆڕانکاریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانی ساڵی 2023، و ئەو پەرەسەندنانەی لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەیە؛ تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە بۆ عێراق، جەنگی ئۆكرانیا و لێكەوتەكانی لەسەر دونیا، و لە نێویشیاندا عێراق، هەروەها جەنگی سەر غەزە و لێكەوتە ناوچەییەکانی، گوشار و بەربەستی بەردەم سەقامگیریین بۆ دەستپێكردنی پرۆژەی ئابوری گەشەپێدان بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە.
پاش چاوەڕوانییەكی زۆر، و چەند رۆژێك پێش ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی هات، ئەویش لەدوای دە ساڵ لە دواخستن و پەكخستنی، ئەنجامییش شكاندنی شەرعیەتی بوو، كار گەیشتە ئەوەی بە بڕیارێكی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، دیارە ئەمە تەنها بەهۆی دواكەوتنی هەڵبژاردنیەوە نەبوو، بەڵكو ئەنجومەنەكان شكستیان هێنا لە كاركردن، و زۆر لە عێراقیەكان پێیان وابوو ئەنجومەنەكان دامەزراوەیەكی بێبایەخ و لە خراپی ئیدارەدان و گەندەڵیدا تێوەگلاون.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ گرنگی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێ، بەوەی بنەمایەكی دەستووریەو لامەركەزیی ئیداری دەسەلمینێ، جگە لەوەی پێداویستیەكی گرنگی حوكمی رەشیدەو داخوازی خزمەتگوزاری و ئابوری جۆراوجۆری هەر پارێزگایەكە، لەهەمووشیان گرنگتر؛ گەرەنتی دروستكردنی هاوسەنگیە لە دەسەڵات و دابەشكردنێتی لە نێوان ناوەندو پاریزگاكان، و بۆ ماوەیەكی دورو درێژ بەر لە مەترسی سیستەمی مەرکەزی دەگرێت.
هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان مایەی پێزانینە، دەمێنێتەوە سەر ئەنجامەكەی لە پێكهێنانی ئەنجومەنەكان و بەرێوەبردنی ئەرکەکانیان. پیویستە ئەنجومەنەكان بەدواداچوون بۆ هەڵەكانی رابردوو بكەن كە لە ساڵانی پێشووداو بەهۆكاری جیاجیا ئەنجام دراون، گەرچی لەمەدا بەرپرسیارێتیەكەش بەندە بە ڕێکارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانەوە، و بیرۆكراتیەتی توندى مەرکەزی بوونە بەربەست لە بەردەم پارێزگاكاندا بۆ ئیدارەدانی خۆیان.
لەم بابەتەدا، ناكرێ بێزاری و دوورەپەرێزی عێراقیەكان لە بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەكان نادیدە بگرین. ئەوانەی لەم هەلبژاردنە بەشدارییان نەكرد زیاتر بوون لە نیوە، و ئەو زۆرینەیەی بایكۆتی هەلبژاردنەكان دەكەن هەڕەشەیە بۆسەر شەرعیەتی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات، ئەمەش سەرەڕای بایكۆتی لایەنگرانی تەیاری سەدری كە پێكهاتەیەكی گرنگی كۆمەڵگەی عێراقن. بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردن ئامانج نیە، بەڵكو ئامرازو رێكارە بۆ بەشداری كردنی هاوڵاتیان لە نوێكردنەوەی بژاردەكانیان و بەدیهاتنی داواكانیان.
چالاككردنەوەی رۆڵی گرنگی ئەنجومەنی پارێزگاكان، وچارەسەركردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی كە بەرۆكی وڵاتی گرتوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، یەكلایكردنەوەی كێشەی ئێستای نێوان حكومەتی ئیتحادی و هەرێمی كوردستان، چاکسازی پێویستی ئەم قۆناغەن، بە چاوخشاندنەوە بە دەستوور و هەمواركردنەوەی، بە ڕێکاری دەستووری و یاسایی، دەست پێدەكات. و پێویستە شكستەكانی پێشوو، و ئەو ئاڵۆزیانەی لە بەڕیوەبردندا بەرجەستە بوون، لەبەرچاو بگیرێ؛ هەروەك پێشووتر پێشنیارم كردبوو. بۆ نموونە دەكرێ چاكسازی لە سیستەمی پەرلەمانیدا بكرێ و بگوێزرێتەوە بۆ سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی، و پارێزگار بەڕاستەوخۆ لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاكەوە هەڵبژێردرێ، بەمەش كۆسیستەمی دیموكراتی و لێپرسینەوەی میللی بەهێز بكرێت، و هەروەها چارەسەری بنەرەتی بونیادیی پێویست بۆ کێشەی بەردەوامی نیوان بەغداو هەرێمی كوردستان؛ بدۆزرێتەوە.
لە ڕووی ئابووریەوە، ئێستا داهاتی بەدەستهاتووی پێویست لەبەردەستدایە، بەڵام مەرج نیە هەروا بمینیتەوە. عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە، لەژێر سایەی گۆڕانكارییە جیهانیەكاندا و پێشبینیەكان بۆ پاشەكشەی گەشەی ئابوری لە ساڵی نوێدا بەگوێرەی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی، و هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی گرژیە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان، و بەتایبەتی جەنگی روسیا و ئۆكرانیاو جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و رێككەوتنەكانی بواری كەش و هەوا. بۆیە پێویستە عێراق ئامادەكاریی بۆ ئەم ئەگەرانە كردبێ.
لە ئێستادا عێراق بەهۆی بەردەست بوونی پارەی بەدەستهاتوەوە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بوژانەوەیەكی ئابوری بەخۆیەوە دەبینێ، و پێشبینی دەكرێ ئەمە بۆ ماوەیەكی كورت یان درێژ بەردەوام بێت، بەڵام پێویستی بە وەرچەرخان هەیە لە رووی ئابورییەوە، و بەردەوامی پشتبەستنی تەنها بەنەوت مەترسیدارە، بە تایبەتی کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی بە تێكڕای ملیۆنێك كەسی ساڵانەیە، و بەشی زۆری کۆمەڵگەش گەنجن، و زیادبوونی داواكاری بۆ وەزیفە و هەلی كار، و ئەم زیادبونە لە رێژەی دانیشتوان گەشەیەكی بەرچاوی ئابوری لێ ناكەوێتەوە، سەرەڕای پۆزەتیڤبوونی داهاتی ساڵانەی نەتەوەیی؛ ئەگەر بێت و بە رێكوپێكی بەردەوامێتی پێ نەدرێت.
لەلایەكی دیكەوە بە هۆی پابەندبوون بە پێوەرە ژینگەییەكانەوە، بەکارهینانی نەوت کەمتر دەبێتەوە و وزەی نوێ بەكاردەهێنرێ، و رەنگدانەوەی ئەمە لەسەر پاشەكشەی داوای جیهانی بۆ نەوت لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەبێت؛ و ئەمەش پێویستی بە پلانی پێشوەختە هەیە بۆ گۆڕانكاری گشتگیر لە ئابوریەكەماندا، و پێویستە رووبەرووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە كە خۆی لە گۆڕانی كەش و هەواو شوێنەوارە ئابوری و زیانە ژینگەییە گەورەكانی سەر هەموو عێراق دەبینێتەوە. خێرایی كردن لە رێكارە ئابوریەكان خۆی لە بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتیەكاندا دەبینێتەوە، ئەویش لە رێگەی تێكەڵ بوون بە بازرگانی و سوود بینین لە پێگەی جوگرافیمان و هاندانی وەبەرهێنانی راستەقینە و پشتیوانی كردنی كەرتی تایبەت و هەستاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و چاككردنی سیستەمەكانی باج و گومرك.
لەگەڵ رێكخستنی ئەم كاروبارانەدا، پێویستمان بە بەهێزكردنی بەرنامەی دژە گەندەڵی هەیە. هیچ چاكسازیەكی راستەقینە بەبێ دژایەتی كردنی گەندەڵی نابێت، بنبڕکردنی تیرۆر بە ریشەکێشکردنی گەندەڵی دەبێت كە سەرچاوەی داهاتێتی، و بۆ ئەمەش پێویستە رێكاری کاریگەر بگێرێتە بەر بۆ گەڕانەوەی ئەو پارانەی بەتاڵان براونەتە دەرەوە، ئەمەش لە رێگەی یاسا و هەماهەنگی نێودەوڵەتی چالاك بۆ دژە گەندەڵی؛ لە شێوەی ئەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتیەی لەدژی تیرۆر پێكهێنرا.
مەترسیدارترین هەڕەشە لە ئێستادا كە رووبەرووی عێراق دەبێتەوە، پێشێلکردنی سەروەری و شكاندنی شكۆی دەوڵەتە. هێرشکردنە سەر نێردە دیبلۆماسییەكان و دامەزراوە حكومییەكان و ئەو سەربازگانەی میوانداری ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەن، كە لەسەر داوای حكومەتی عێراق هاتوون، ئاماژەی مەترسیدارن و زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق و گەلەكەی دەگەیەنن. هەلوێستی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی لەم بابەتەدا جێگای پێزانینە، و پێویستە هاوکار و پشتیوانی بین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کاریگەری ئەم دەستدرێژیانە و ڕکێف کردنی لادەران لە یاسا . بریاری ئاشتی و جەنگ، بڕیاری دەوڵەت و دامەزراوە دەستوریەكانە، نەك بڕیاری گروپی لە یاسا دەرچوو. بڕیاری نیشتمانی، و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوریەكانیەوە، پێویستی بوون یان نەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەكلایی دەكاتەوە؛ ئەمەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵات و ئاسایش و سەقامگیریی.
پێگەی جوگرافیای عێراق لە دڵی ناوچەكەدا جیاوازی و دژیەكی زۆر هەڵدەگرێ، یان ئەوەتا دەبێتە مایەی نەگبەتی و ماڵوێرانی بۆ عێراقیەكان و هەموو ناوچەكە لە رێگەی بەرپابوونی جەنگی كوێرانە و گۆڕەپانێك بۆ ململانێكان. ئەم رێگایەش لەماوە دوورو درێژەكانی پێشوو تاقی كراوەتەوە، و هەمووان تیایدا دۆڕان، یاخود دەبێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ عێراقییەكان و ناوچەكەو جیهانیش. بۆیە ئەم پێگە جوگرافیە بە سەروەت و سامانەكەیەوە، و پێکهاتەی ژینگەیی و دیمۆگرافیاكەی، دەكرێ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ئابوری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە یەكبخات، ئەمەش لە رێگەی پەیوەندی توندوتۆڵەوە دەبێت لەسەر بنەمای خزمەتكردنی عێراقییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بەرژەوەندییەكانی نێوان گەلانی هەموو ناوچەكەدا، كە بێزاربوون لە توندوتیژی و ململانێكان و دەیانەوێ داهاتوویەكی گەشاوەیان هەبێت لە گەشەپێدانی ئابوری بەدەستهێنانی هەلی كار.
عێراقیەكان دەیانەوێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو كەم و كوڕیانەی لەبنیادی سیستەمی دەسەڵاتدا هەیە، بدۆزنەوەو شكستەكانی رابردوو تێپەڕێنن، ئەویش بە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەقینەی نیشتمانی و ئەو چاكسازیەی دەبێتە مایەی حوكمی رەشید و گەرەنتی مافەكانی هەموو پێكهاتەكان دەكات و تایبەتمەندێتیەكانیان دەپارێزێ لە رێگەی پاراستنی بنەمای هاوڵاتی بوونەوە. دیارە لە عێراقدا بژاردەیەكی دیكە جگە لە بەهێز كردنی سیاسەتی دەرەوەی نییە لەسەر بنەمای خۆلادان لە ململانێی میحورە یەكتربڕەكان، و كاركردن بۆ دروست كردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ درواسێکان. بەرژەوەندی ناوچەکەش لە ئەمرۆدا بەستراوەتەوە بە پشتیوانی كردنی گەڕانەوەی عێراق بۆ گێڕانی رۆڵە میحوەرییەكەی و كۆتایی هێنان بە ململانێ لەسەر خاكەكەی.
بەرهەم ساڵح