دوای دیداره‌كه‌ی له ‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی له‌ دوبه‌ی، ئه‌ردۆغان جارێكی تر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیداره‌ی یه‌كێتیی ده‌كات له‌ سلێمانی و ده‌ڵێ" هه‌نگاوی توندتر ده‌گیرینه‌به‌ر".
له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیماراتی عه‌ره‌بی و میسر، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا قسه‌ی بۆ میدیاكاران كرد. یه‌كێك له‌ میدیاكاره‌كان له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی پرسیاری له‌ ئه‌ردۆغان كرد، باسی له‌ سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌و به‌رگری و سه‌رۆكی هه‌واڵگری توركیا كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان و وتی: ئایا جه‌نگی هاوبه‌ش دژی پارتی كرێكاران ده‌كرێت ؟
ئه‌ردۆغان له‌ وه‌ڵامدا رایگه‌یاند" كه‌س وه‌كو ئێمه‌ رێز له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و سوریا ناگرێت، چه‌ندینجار هۆشداریمان داوه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی نه‌رێنی سلێمانییه‌وه‌، هه‌ندێك پێكهاته‌ی نوێ و جیاواز له‌وێ ده‌بینین (مه‌به‌ستی سلێمانییه‌)، ده‌رفه‌تیان پێمه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر نا به‌ ته‌نیا ده‌مێننه‌وه، چونكه‌ سلێمانی شوێنێكه‌ كه له‌ هه‌موو كاتێكدا هاوڵاتییه‌كانمان تێدا له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆماندا ده‌مێننه‌وه‌‌‌".
ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی كه‌ له‌ بواری روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌ده‌ستیان هێناوه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی باشدا ده‌ڕات، به‌ڵام سلێمانی واتا ئیداره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر پالپشتیكردنی رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كانی په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌و په‌یه‌ده‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار هۆشداریمان پێداون".
سه‌رۆكی توركیا توندتر دژی ئیداره‌ی سلێمانی قسه‌ی كردو وتی:" وه‌ڵامی پێویستمان ده‌بێت، ناكرێت ئه‌م بابه‌ته‌ پشتگوێ بخه‌ین، ده‌كرێت له‌ زۆرێك له‌ پرسه‌كاندا لێبورده‌ بین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ هاته‌سه‌ر مانه‌وه‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان، ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یكه‌ن و دوودڵ نابین له‌ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی توندتر".