سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند بارزانی كارێكی " گرنگ" ی به‌ ئامینه‌ زكری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی سپاردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌شاری سلێمانییه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، ئامینه‌ زكری ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ كارگێڕ و ئه‌ندام لق و كه‌سایه‌تییه‌كانی پارتی له‌ سنووری لقه‌كانی 4 و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و رانیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌ تاوه‌كو ڕاپۆرتێكی ورد له‌سه‌ر كێشه‌ و گیروگرفته‌كانی ئه‌و سنوورانه‌ ئاماده‌بكات، هه‌روه‌ها تیایدا له‌هۆكاری پاشه‌كشێی ده‌نگه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردندا بكۆڵێته‌وه‌.
وێستگه‌نیوز زانیویه‌تی كه‌ ئامینه‌ زكری به‌سه‌رجه‌م به‌رپرسانی لق و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی وتووه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان هه‌ریه‌كه‌ و نامه‌ی خۆی بنووسێت و راسته‌وخۆ ده‌گاته‌ بارزانی.
ئامینه‌ زكری به‌ناوی بارزانی سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ وتوویه‌تی كه‌ داوای كردووه‌ سه‌رجه‌م به‌رپرسی لق و كارگێڕان و به‌رپرسی ناوچه‌كان نابێت له‌باره‌گا بمێننه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بچنه‌ نێو خه‌ڵكه‌وه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش به‌شێك له‌ به‌رپرسی لقه‌كان و كارگێڕان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان گرتووه‌ كه‌ هیچ به‌رپرسێكی باڵای پارتی له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی یان مه‌كته‌بی سیاسی ماڵیان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی نییه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان ، بۆ نموونه‌ ره‌خنه‌ له‌ عه‌لی سورچی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گیراوه‌ كه‌ به‌شێكی زۆر پاره‌ له‌ چێشتخانه‌كانی كانی وه‌تمان به‌هه‌ده‌ر ده‌دا به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی هاتووچۆی له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی زۆره‌. ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ به‌نزینی هه‌شت ئۆتۆمبێل كه‌ له‌گه‌ڵیدا هاتووچۆ ده‌كه‌ن. بڕی تێچووی هاتووچۆی ناوبراویان به‌ 12 ملیۆن دینار خەمڵاندووه‌ و ره‌خنه‌یان لێ گرتووه‌.
ره‌خنه‌یه‌كی تری به‌رپرسانی لق و ناوچه‌كانی سلێمانی له‌ عه‌لی سورچی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ "حساب بۆ به‌رپرسانی خوار خۆی ناكات و له‌چالاكییه‌كاندا ده‌ریان ناخات و له‌كاتی په‌یوه‌ندییه‌كاندا نایانبات له‌گه‌ڵ خۆی".
هه‌روه‌ك به‌رپرسانی ناوچه‌ و لقه‌كان ره‌خنه‌یه‌كی تریان له‌ عه‌لی سورچی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ناكرێت بۆ سه‌ردانی ماڵی هه‌ژاران و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان به‌و هه‌موو ئۆتۆمبێله‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت، هاوكات ره‌خنه‌یان له‌چه‌ندین په‌یج گرتووه‌ كه‌ ته‌نها سه‌رگه‌رمی چالاكییه‌كانی عه‌لی سورچین.
ئه‌م گله‌یی و ره‌خنه‌یه‌ی به‌رپرسانی خوار مه‌كته‌بی سیاسی رووبه‌ڕووی هیوا ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی یه‌كه‌می‌ پارتی‌ له‌ كه‌ركوكیش كرایه‌وه‌، كاتێك چه‌ندین په‌یج ته‌نها كاره‌ ته‌شریفاتییه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئامینه‌ زكری سه‌رجه‌م تێبینییه‌كانی حه‌وت رۆژی له‌ سنووری سلێمانی كۆكردۆته‌وه‌ و راپۆرت له‌دوای ڕاپۆرت داویه‌تی به‌ باره‌گای بارزانی.