- فایلی-تایبەت
- 143
March 24, 2024
ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ یەکشەممە 24-3-2024 لە بەغداد پێشوازیکرد لە دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و ژمارەیەك لە دادوەرانی ئەندامانی دادگاکە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار و سەرۆك و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی پیرۆزبایی مانگی رەمەزانیان ئاڵوگۆڕکرد و ئومێدیان خواست عێراق و عێراقییەکان هەمیشە لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریدا بژین.
سەرۆك کۆمار جەختی لەوە کردەوە، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی وڵات بەخۆوەی دەبینێت، دەستکەوتێكی گرنگ و شایستەیە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و بچەسپێنرێت وەك بنەمایەك بۆ دەستپێکردن و گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابوری، پێشخستنی وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت دامودەزگاکانی دەوڵەت رۆڵ و هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان پاڵپشت به یاسا و دەستور، پتەوتر بکەن. باسی لەوەشکرد، دەبێت دیالۆگی دیموکراسی رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانه بێت، که روبەڕوی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەبێتەوه، هەروەك دەبێت یاسا رێکخەری ئەو پەیوەندییە بێت.
لەلایەن خۆیەوە دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی جەختیکردەوە، دادگای فیدراڵی بە یەك دووری لەگەڵ هەمووان دەوەستێت و پەرۆشی کارکردنە بە دەستور و یاسا. ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی دادگاکەیە.
هەروەها دادوەر جاسم محەمەد عەبود جەختیکردەوە، دادگای باڵای فیدراڵی ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو مافانە لەژێر سایەی دەستوردا.