سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵی زیاترکردنی هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو بە تایبەت درووستکردنی بەنداوەکان دەدات.
لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 25 ی ئازاری 2024 لە کۆشکی سەلام پێشوازیی لە محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا کرد.
لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە کە ڕەشید و ئالی سادق سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و گرنگی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوو وڵات وتووێژیان کردووە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران کردەوە و وتی: دەمانەوێت کەڵک لە ئەزموونەکانی ئێران لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو بە تایبەت درووستکردنی بەنداوەکان وەربگرین.
لەتیف ڕەشید بە ئاماژە بە سیاسەتی نەگۆڕی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین، وتی: دەبێت دەستبەجێ تاوان و توندووتیژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ڕابگیرێت.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، جەختی لە سەر پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتە لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە کردەوە و ڕایگەیاند کە شاندێکی ئێرانی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە پێناو هاوکاریکردنی عێراق سەردانی بەغدا دەکات.