وەزارەتى دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 30-3-2024 دەستپێدەکات و لە رۆژی 4-4-2024، واتە لە ماوەی شەش رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە نزیکەی 60 رۆژ، واتە دوو مانگە مووچە دابەش نەکراوە و بەشێک لە فەرمانبەرانیش بایکۆتی دەوامیان راگەیاندبوو.
وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2024، لە رۆژی 2ی 2 دەستیپێکرد و رۆژی 8ی 2 کۆتاییهات، لەدوای ئەو وادەیەشەوە مووچەخۆرانی هەرێم نزیکەی 60 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی 20 رۆژە حکومەتی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە.
رۆژی 11ی 3ی 2024، وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم، دواتریش وەزارەتی دارایی عیراق بە چەند قۆناغێکی دیکە مووچەی ئەو توێژانەی نارد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لیستی مووچەکانیان بۆ دارایی عیراق نێردرابوو کە بە کۆی گشتی 608 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی شوبات نێردرابوو، بەڵام حکومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی کورتهێنان لە مووچەدا هەبووە ئامادە نەبوو مووچەی مانگی شوبات دابەش بکات.
بە پشتبەستن بە داتا و ئاماری وەزارەتی دارایی، حکومەتی هەرێم مانگانە 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە واتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم 960 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبووە کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە، ئهمه جگه لهوهی لهماوهی سێ مانگی ئهمساڵدا ترلیۆنێك و 226 ملیار دیناریشی له بهغداوه بۆ هەرێم هاتووه، كه بهكۆی گشتی زیاتر له 2 ترلیۆن و 200 ملیار دینار دهكات و لهو بڕەش تهنها 949 ملیاری بۆ مووچهی یهك مانگ خهرجكردووه.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردووی دابەشنەکردووە و تائێستاش چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە دیار نییە، هەروەها لە ساڵی 2024 یشدا تائێستا تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە و لە ئەمڕۆوە دەستی بە دابەشکردنی دووەم مووچەی ئەمساڵ کردووە.