ڕوانگە - لە یادی ٣٦ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا، سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان، چالاکیەکی دوو ڕۆژە ئەنجام دەدات.بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش ڕایدەگەیەنێت، لەو چالاکیانەدا ژمارەیەک لە کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندان بەشداردەبن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئومێد بەرزان برزو، بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ ئەم مانگە واتە ڕۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە، سەنتەرەکەیان لە سی و شەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد و بە بەشداری ژمارەیەک لەو کەسانەی کە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردن و هەروەها بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی ناوچەکە چالاکییەکی دوو ڕۆژە ئەنجام دەدەن.
وتیشی: ڕۆژی یەکەمی چالاکیەکەیان تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی زانستی و ئەکادیمی و هەروەها لە ڕۆژی دووەمیشدا ژمارەیەک چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری پێشکەش دەکرێت، لەوانە ڕۆژی یەکەم ، تەرخانکراوە بۆ پێشکەشکردنی دیکۆمێنتارییەک، بەناونیشانی "حیکایەتی هەرمان" کە چاوپێکەوتنە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، پاشان، ناساندنی گۆڤاری ئەنفال کە گۆڤارێکی نوێیە و لە لایەن زانکۆی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دواتریش پێشکەشکردنی دوو پانێڵ کە لەلایەن شەش کەسی ئەکادیمیەوە پێشەش دەکرێت،
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئومێد بەرزان برزو، بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان، ڕونیشی کردەوە:" ڕۆژی دووەمی چالاکیەکەیان تەرخانکراوە بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری لەوانە، ئەنجامدانی نمایشێکی هونەری لەلایەن هونەرمەند پشکۆ محمد، دواتریش خوێندنەوە بۆ سێ کتێب دەکرێت ، کە تایبەتن بە بواری ئەنفال و پاشان بە بەشداری پێنج شاعیر چەند پارچە شیعرێک پێشکەش بە ئامادەبوان دەکرێت.
شایەنی باسە زانکۆی گەرمیان، ڕۆژی ٢٠١٠/٤/١٤ لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دامەزراوە، لەو کاتەوە تائێستا ساڵانە و لە ساڵیادی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردا بە بەردەوامی چالاکی تایبەت بەویادە پێکەش دەکات و بوە بەناوەندێکی گەورە بۆ ناساند و زیندو هێشتنەوەی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد.