ڕوانگە - سێ رۆژە حكومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ناردوە بەڵام هێشتا پارە لەلایەن بەغداوە خەرج نەكراوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە بەغدا هیچ كێشەیەك نییە بۆ ناردنی موچەی مانگی چوارو لە بەغداش هێشتا دابەشكردنی موچە بەردەوامە.
 
شاخەوان عەبدوڵا،  لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی"بۆ ناردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ كێشەیەك نییە و لایەنی عێراقیش باسی هیچ كێشەیەكییان نەكردوە. حكومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی رەوانەی بەغدا كردوە، تاوەكو ئێستا لە بەغدا باس لەوە نەكراوە هیچ كێشەیەك هەبێت بۆ ناردنی موچە. بەڵكو ئەوەی وتراوە، چ سەرۆك وەزیرانی عێراق و چ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق باسیان لەوەكردوە كە پابەنددەبن بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە."
 
وتیشی"لە بەغدا لە 16 و 17ی مانگە دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت و تا كۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت، بۆیە هێشتا لە بەغدا دابەشكردنی موچە بەردەوامەو هەندێك لە دامەزراوەكان لە كۆتایی مانگ موچە وەردەگرن. تا ئەمڕۆش من ئاگادارم هیچ كێشەیەك نەبوە بۆ ناردنی موچەی مانگی چوار."
 
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/٤/٢١ەوە، لیستی موچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کراوە.
 
ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر رۆژی یەكشەممە 21ی نیسان وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكرد بە دابەشكردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران.