ڕوانگە - ئەمڕۆ پێنجشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە رێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای سەرەکی قەڵادزێ-دارەشمانەی دانا.
پڕۆژەکە پێکهاتوە لە رێگایەک بە درێژی 10کم، بەگوژمەی دو ملیار و 875 ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژە 300 رۆژی رۆژمێرییە.
لە رێورەسمەکەدا، بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قائیمقامی قەڵادزێ و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەر بە وەزارەت و بەرپرسانی ئیداری سنورەکە ئامادەی بون.
پڕۆژەی رێگای قەڵادزێ-دارەشمانە یەکێکە لەپڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و جگەلەوەی رێگایەکی سەرەکی هاتوچۆی هاوڵاتیانە لە سنورەکە، هاوکات رێگایەکی بازرگانیەو دەروازەی کێلێ بە قەڵادزێوە دەبەستێتەوە، لەڕوی گەشتیاریشەوە سودێکی گەورەی بۆ ناوچەکە دەبێت.