ڕوانگە - وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ڕایدەگەیەنێت" دوای تێپەڕبونی 50 ساڵ بەسەر بۆردومانی هەڵەبجەدا کەچی لەلایەن حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە نەک تەنیا هیچ خزمەتێکی ئەوتۆ بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەکان نەکراوە، بەڵکوو زۆر کات بە ڕەفتار و قسەکانیان زامی هەڵەبجەیان نوێ کردووەتەوە و زامەکەیان قووڵتر کردووەتەوە.

شاتین قەرەداغی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەکرد:" ئێمە وەک هاوپەیمانیی نیشتمانی جەخت دەکەینە کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی کاربەڕێکەرە خزمەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، ژیان و بژێویی تاک بە تاکی هاووڵاتییانی هەرێم لەوپەڕی باشی و خۆشگوزەرانیدا بێت.

شاتین قەرەداغی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی
، باسی لەوەشکرد:" چونکە ئەوان بەدەنگی هاوڵاتییانی ئەم نیشتمانەوە بوونەتە دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە، بۆیە هەر کەمترەخەمییەک لە ئاستی تەواوی داواکاریی هاووڵاتییان، مانای بێباکی دەسەڵاتە لە ئاستی تەواوی ئەو قوربانییەی کە هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە لە پێناو دروستکردنی حکوومەتی کوردی داویانە.

ئەمڕۆ  ۵٠ ساڵ بەسەر بوردمانکردنی هەڵەبجە لە ٢٦ی نیسانی ١٩٧٤ بە چەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم تێپەڕ دەبێت. ۵٦ هاوولاتیی مەدەنی بەپێی ئامارە سەرەتایییەکان بوونە قوربانی و زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتییش بریندار بوون، هەروەها ئاوارەبوونی خەڵکیشی بو گوندەکان لێ کەوتەوە.