ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز د.هانی سوەیلم وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و ئاودێریی میسر، کە بەڕێز عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئامادەیبوو.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-4-2024 لە کۆشکی سەلام بەڕێوەچو، د.هانی سوەیلم سڵاوی بەڕێز عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك کۆماری میسری گەیاندە بەڕێز سەرۆك کۆمار.
لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی بەڕێز د.هانی سوەیلم-ی کرد و سڵاوی خۆی ئاراستەی سەرۆك سیسی کرد و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی میسر خواست، هەروەها ئاماژەی بە قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و میسر و رادەی پتەویی پەیوەندییەکان لەسەرئاستی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و کولتوری کرد.
سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر ئەو مەترسیانەی روبەڕوی مرۆڤایەتی دەبنەوە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابانبون و کەمی ئاو و رادەی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ژینگە و ژیان و گەشەی ئابوری لە جیهاندا بە گشتی، جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموون لەنێوان هەردوو وڵاتی برادا فراوانتربکرێت لەپێناو روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم بوارە و کاریگەرییەکانیان لەسەر واقیعی کشتوکاڵ و گەشەپێدان و ژینگە.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە ئامانجەکانی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەغداد بۆ ئاو کرا، کە ئێستا لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەدەچێت و کۆماری میسر لە چالاکییەکانیدا بەشدارە، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە لێکچوونی ئاڵنگاریەکانی بەردەم کەرتی ئاو کرد لە میسر و عێراق، کە پێویستی بە هاریکاری هەیە بۆ باشترکردنی پرۆسەی بەڕێوەبردنی ئاو، جگە لە بەردەوامبونی سەردانی مەیدانیی هاوبەش و گرتنەبەری شێوازی مۆدێرنی ئاودێری و پەرەپێدانی دامەزراوە ئاوییەکان و نۆژەنکردنەوەیان بە کەرەستەی دۆستی ژینگە.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی رێکخستنی کۆنفرانسەکانی پەیوەست بە پتەوکردنی هاریکاری و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی ئاو کردەوە، کە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن.
لەلایەن خۆیەوە، د.هانی سوەیلم جەختی لە قوڵی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، کە هەمیشە دەخوازن پەیوەندی کارا و هاریکاری هاوبەش پەرەیپێبدرێت. هەروەها پەرۆشیی کۆماری عەرەبی میسری بۆ رەخساندنی بەرژەوەندی هاوبەش و دەستەبەرکردنی سودی دوولایەنە لەگەڵ عێراق لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی هەردوو گەلی برا لە گەشەکردن و خۆشگوزەرانی، دوپاتکردەوە.
هاوکات دوا پەرەسەندنەکانی رەوشی ئاوی لە میسر رونکردەوە و ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی ئاو کرد لە میسر و عێراق بەوپێیەی هەردووکیان سەرچاوەکانی ئاویان لەدەرەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تیشکی خستەسەر ىڕی سنورداری سەرچاوەی ئاوی و زیادبونی ژمارەی دانیشتوان، کە ئەوانە پێویستییان بە هاوئاهەنگی دوولایەنە هەیە، سەرەڕای پێویستی ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەبوارەکانی ئاودێریی مۆدێرن و بونیادنانی بەنداو.