ڕوانگە - وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێمی کوردستان لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە ڕایگەیاند:" هەموو داواکارییەکانی بەغدامان بۆ ناردنی پارەی مووچە جێبەجێکردووە وچاوەڕێین بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند:" هەفتەی ڕابردوو لیستی مووچەمان ڕەوانەی بەغدا کردووە و ئەو ئەرکەی لەسەر وەزارەتی دارایی بووە جێبەجێی کردووە.
وتیشی:" ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدڕاڵى، ئەو بابەتە یەکلایى کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن، بۆئەوەی حکومەتى فیدراڵى عێراق هیچ بیانوویەکى نەمێنێت بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.