ڕوانگە - بەمەبەستی قسەکردن لەسەر ڕێککارەکانی چۆنێتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ، لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق کۆبونەوە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند:" لە میانەی زنجیرەی دیدار و کۆبونەوەکانمان لە بەغدا ، ئەمڕۆ لەگەڵ، کەماڵ موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان مامۆستا غەریب احمد و خاتوو سوزان کۆچەر، لەلێژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بریکار و ستافی وەزارەتمان لەگەڵ اثیر داود الغریری وەزیری بازرگانی عێراق کۆبوینەوە.
وتیشی:" کۆبونەوەکەمان تایبەتبوو بە ڕێککارەکانی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ ، دوایی گۆڕینەوەی بیروڕاکان و خستنەرووی سەرجەم زانیاری و داتاکان، پێشنیارمانکرد کەدەبێ بەهەمان رێککاری ناوەراست و خوارووی عێراق ، مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێ و گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی سایلۆکانی عێراق پێویستە وەربگیرێت .
بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد:" بەسوپاسەوە بەڕێزیان پاڵپشتی خۆیی نیشاندا بۆ هێنانەکایە و پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی پێکەوە کارکردن و وەک یەک مامەڵەکردنی یەکسان لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی ، لە،چوارچێوەی هەولەکانی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتیان و زامنکردنی ئاسایشی خۆراکدا.