ڕوانگە - سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە هیچ مادە و بڕگەیەکی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یان یاسای هەڵبژاردن دەسەڵات بە سەرۆکی هەرێم نەدراوە گۆڕانکاری لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردندا بکات هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە.
کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد، بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی نییە، بەڵکو تەنها دەتوانێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژادن دیاری بکات بە مەرسومێکی هەرێمی.
ئەوەشی خستە روو، دەستکاریکردنی ئەو وادەیەی کە دیارکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ١٠ی حوزەیرانە لەلایەن سەرۆکی هەرێم پێشێلکاریەکی زەقی یاسا بەرکارەکانە و بەزاندنی سنوری دەسەڵاتەکانیەتی .
راشیگەیاند، هەر بڕیارێکی سەرۆکی هەرێم بەبێ پشتبەستن بە بنەما یاسایی و دەستوریەکان بەتاڵە و هیچ بەهایەکی یاسایی نابێت، دەشڵێت، "لە هەر بڕیارێکی نایاسای لەم شێوەیە ئێمە وەک نەوەی نوێ هەڵوێستی توندمان دەبێت و ڕێکاری یاسای دەگرینە بەر."