ڕوانگە - ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەگەرێکی بەهێز ئەوەیە هەر نەکرێ تا ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراق".
كاروان یاروهیس ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" سەرکردەی لایەنە عێراقیەکان لە ئێستادا کێشەیان نیە هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە دەزانن دواخستنی هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان زیاتر لاواز دەکات و کێشە سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێم قوڵتر دەکاتەوە".
بە بڕوای کاروان یاروەیس هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دوادەخرێت و پێشبینیش دەکات کە ئەگەرێکی بەهێز ئەوەیە ئەمساڵ هەڵبژاردنی هەرێم هەر نەکرێت تا ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراق.
"٧/٧ تەمەنی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکی کۆمیسیۆن کاتێکی زۆری دەوێ و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش درەنگ دەگەنە رێکەوتن". (کاروان یاروەیس وادەڵێت)
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت" پارتی دەیەوێ بە دواخستنی هەڵبژاردن ئیرادەی خۆی بسەپێنێ و هەڵبژاردن بەو جۆرە بکرێ کە خۆی دەیەوێ، بۆیە دەبێ لایەنەکان مل نەدەن بۆ دواخستن بەبێ رێکەوتن و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدرالی و سازدانی هەڵبژاردنێکی پاک لە نزیکترین کاتدا".
ڕاشیگەیاندووە" سەرۆکی هەرێم دەبوو لە جیاتی پەنا بردن بۆ لایەنە شعیەکان و حکومەتی فیدرال و شوێنی تر، لە پێشدا گفتوگۆی کوردستانیانەی لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان بکات".