ڕوانگە ـ پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و دەنگۆی دواخستنی ئەو پرسە بۆ مانگی 10ی ئەم ساڵ بووە بە پرسێکی گەرمی نێو میدیا و سۆشیال میدیا و سەرۆکی لیستی بەرەی نیشتمانی
ڕایدەگەیەنێت:" هەموو ئەو قسانەی کە لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت دورە لەڕاستییەوە و تەنها پڕوپاگەندەیەکە بۆ ساردکردنەوەی خەڵک.
عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی لیستی بەرەی نیشتمانی
بۆ ڕوانگە باسی لەوەکرد:" ئێستا پەیوەندیمان بە بەرپرسانی کۆمیسۆنەوە کردووە و ئەوان پێیان ڕاگەیاندوین کە بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و هیچ نوسراوێکی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە بۆئەوەی کارەکانیان دوابخات.
وتیشی:" ئەگەر سەرۆکی هەرێمیش نوسراوبکات بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنەکان ئەوا نوسراوەکەی نایاساییە و لە دەسەڵاتی ئەودانییە کە وادەیەکی هەڵبژاردن کە دیاریکرابێت و کۆمیسۆن ئامادەکاری تێداکردبێت دوایبخات.
لە بارەی مەترسییەکانی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، عەلی حەمە ساڵەح، ئاماژەی بەوەدا:" مەترسییەکەی لەوەدایە کە کوردستان دەکەوێتە بۆشاییەکی زۆر گەورەوە هەرچەندە ئێستاش شەرعێتی نەماوە، بەڵام ئەوکاتە مەترسییەکە هێندەی دیکە گەورەتر دەبێت و نەحکومەت و نە سەرۆکایەتی هەرێمیش هیچ جۆرە شەرعێتێکی نامێنێت.
لە ماوەکانی ڕابردودا نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەگەرچی ڕۆژی یەکشەممە 3ـی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەرئەوکات ناکۆکییە سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێم و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر لابردنی کورسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی کوردستان، نیگەرانی لای پارتی دیموکراتی کوردستان، دروستکرد و پارتی بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردن نەکات، بەهۆی کشانەوەی پارتی دیموکراتی کودستان لە هەڵبژاردن، هەمووان پێیان وابوو ئەم هەڵبژاردنە بەبێ هێزێکی کاریگەری وەک پارتی زەحمەت ئەنجام بدرێت و تادێت ئەو دەنگۆیانە لە سەرپرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان گەرمتردەبێت و هێشتا ڕوون نییە کە ئایە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت یاخود دەنگۆکان دەبن بەڕاستی و هەڵبژاردن بۆکاتێکی دیکە دوادەخرێت.