ڕوانگە ـ لە میانی ئامادەبونی لە مەراسیمی ساڵیادی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق, سەرۆك کۆمار ڕایگەیاند: لە هەلومەرجێکی مێژووییداین، کە پێویستە وەک هێزە سیاسییەکان زیاتر کاربکەین بۆئەوەی بەرژەوەندی باڵای وڵات و گەل بکەین بە کاری لە پێشینە.

سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ هەینی 3-5-2024 ئامادەی مەراسیمی ساڵیادی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بوو، کە لە بەغداد بەڕێوەچو.
لە میانی ساڵیادەکەدا، سەرۆك کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و دوپاتیکردەوە رۆڵی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکانە و بوێرانە بوو، کە لە دوای فەتوای مەرجەعی باڵا سەماحەتی ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی، بە هێز و ئیرادەوە شانبەشانی هێزە چەکدارەکانمان وەستا بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە و لەگەڵ هێزەکانی دیکەی گەل لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر و رزگارکردنی شارەکان و گەڕاندنەوەی شکۆمەندیی نیشتمانی.
هەروەها جەختیکردەوە، لە هەلومەرجێکی مێژووییداین، کە پێویستە وەک هێزە سیاسییەکان زیاتر کاربکەین بۆئەوەی بەرژەوەندی باڵای وڵات و گەل بکەین بە کاری لە پێشینە. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگی رێزگرتن لە دەستور و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دوپاتدەکەینەوە، چونکە رێگایە بەرەو کاری دامەزراوەیی دروست، هەروەها رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێگریکردن لە بەکارهێانی پێگەکان بۆ مەبەستی تایبەتی یاخود گروپ و هەروەها بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانی دوپاتدەکەینەوە بۆئەوەی ئەزمونی دیموکراسیمان بچەسپێنین.

ئەمەش دەقی وتەکەی بەڕێز سەرۆك کۆمارە؛

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

خوشکان و برایانی، ئامادەبوانی بەڕێز
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت

جێگای خۆشحاڵیمە، کە بەشدارم لەم مەراسیمە پڕ شکۆیە لەکاتێکدا یادی 21ەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دەکەنەوە.
لەماوەی ئەو ساڵانەدا، رۆڵی بزوتنەوەکە لە چوارچێوەی مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، شانبەشانی رۆڵی جوڵانەوە و هێزە نیشتمانییەکانی دیکە، ئاشکرا و گرنگ بووە لەپێناو بنیاتنانی عێراقی نوێ و چەسپاندنی بناغەکانی ئەم بنیاتنانە لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگاریانەی، کە گەورە و توندبون.
وەك دەزانن دیارترین ئاڵنگاری لە نێو ئەو ئاڵنگاریانە، قۆناغی روبەڕوبونەوەی تیرۆری داعش بووە، لە دوای ئەوەی ژمارەیەك لە شارە خۆشەویستەکانمان کەوتنە چنگی تاوانبارانی داعش.
لەم روبەڕوبونەوەیەدا، رۆڵی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکانە و بوێرانە بوو، کە لە دوای فەتوای مەرجەعی باڵا سەماحەتی ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی، بە هێز و ئیرادەوە شانبەشانی هێزە چەکدارەکانمان وەستا بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە و لەگەڵ هێزەکانی دیکەی گەل لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر و رزگارکردنی شارەکان و گەڕاندنەوەی شکۆمەندیی نیشتمانی.
لەڕاستیدا ئەم مەراسیمە لە هەلومەرجێکی تەواو نوێدا بەڕێوەدەچێت، ئێمە ئەو ساڵانەمان تێپەڕاندووە و تیرۆر لەناوچوە، ئیرادەی ئازادی و دادپەروەری و ئاشتی لە سایەی خۆڕاگریی هێزەکانمان و ویستی گەلەکەماندا، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بەهۆی ئەم پاڵەوانێتییە نیشتمانیانەوە، ئەمڕۆ هەموومان لە سەرەتاکانی قۆناغێکی نوێداین، کە قۆناغی بونیادنانی عێراقە، قۆناغی قەرەبوکردنەوەی ئەو دەیان ساڵەیە، کە تێیدا جوڵەی بونیادنان پەکی کەوت و ئەو پێشکەوتنەی دوای 2003 هیوامان بۆ دەخواست، وەستا.
لەم بونیادنانەدا، کە لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەستیپێکردوە و ئیرادەی حکومەت بە تامەزرۆییەوە سەرکردایەتی دەکات، سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی ئەوەی رۆڵەکانمان دەیانەوێت، تاکە ویستە کە گوزارشت لە دڵسۆزی و پێزانینمان دەکات بۆ ئەو قوربانییە گەورەیەی گەلەکەمان داویەتی.
ئێمە لە هەلومەرجێکی مێژووییداین، کە پێویستە ئێمە وەک هێزە سیاسییەکان زیاتر کاربکەین بۆئەوەی بەرژەوەندی باڵای وڵات و گەل بکەین بە کاری لە پێشینە. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگی رێزگرتن لە دەستور و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دوپاتدەکەینەوە، چونکە رێگایە بەرەو کاری دامەزراوەیی دروست، هەروەها رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێگریکردن لە بەکارهێانی پێگەکان بۆ مەبەستی تایبەتی یاخود گروپ و هەروەها بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانی دوپاتدەکەینەوە بۆئەوەی ئەزمونی دیموکراسیمان بچەسپێنین.
هێزی هەموومان لە یەکگرتووییماندایە، پێکەوە هەنگاودەنێین بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردنی چالاکانە بەرەو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و دەستەبەرکردنی بژێویی شایستە بۆیان. هەروەها پێویستە هەموومان پاڵپشتی ئەو رێوشوێن و پلانانە بین، کە حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی خزمەتگوزاری گرتویەتیەبەر و بەرپرسیارانە لە پڕۆژەکانی داهاتو و بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابوری و کشتوکاڵی و پیشەسازی بڕوانین.