ڕوانگە - پرسی سەرژمێری دانیشتوان، پرسێكی ئێجگار گرنگ و پڕبایەخە، چونکە لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە چەندان زانیاری و هەڵسەنگاندنی گرنگ بۆ ئاست و دۆخی هەر وڵاتێك دەردەکەوێت کە سەرژمێری تیایدا ئەنجام دەدرێت، لە عێراقدا ماوەی 27 ساڵە سەرژمێری ئەنجام نەدراوە و وابڕیارە سەرژمێریی ئەزموونى لە 20ى ئایارى ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت، لەبەر گرنگی و بایەخی سەرژمێری و هەروەها شارەزابون لەوەی کە پێشوەخت پێویستە چی بکرێت
دەزگای میدیایی"ڕوانگە" گفتوگۆیەکی لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەر، دکتۆر ، پشتیوان شەفیق ئەحمەد، مامۆستا لە بەشی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، ئەنجامداوە
ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە.
* چۆن لە پرسی سەرژمێری دەڕوانن؟ بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، گرنگی ئەم بابەتە لەچیدایە؟
بەر لەوەى باس لە پرسى نەتەوەى بکەین، خودى پرۆسەى سەرژمێرى فرە ڕەهەندەو سودگەلێکى زۆرى هەیە لەسەرجەم بوارە جیاوازەکان،هەر پلان و بەرنامەیەک کە بەمەستى کردارى پەرەپێدان و پێشخستنى کەرتە جۆراو جۆرەکان بێت ئەوا پێویستى بە داتاى ووردو ڕاست و دروست هەیە، ئەمەش سەرچاوەى سەرەکى لە پرۆسەى سەرژمێریەوە دەبیت، بەم هۆیەوە ناکرى چاوەڕوانى سەرکەوتنى پرۆسەى بنیات نانى دەوڵەتێکى سیستەماتیک بین بەبێ بوونى داتاى وورد.سەبارەت بە گەلى کورد پرۆسەى ئەنجام دانى سەرژمیرى سودێکى زۆرى هەیە لەبوراى نەتەوایەتى چونکە لەدواى سەرژمێرى ساڵى ١٩٨٧ بەشێوەیەکى گشتى سەرژمێرى ئەنجام نەدراوە سەربارى ئەوەى سەرجەم ئەو سەرمێریانەى کە هەر لەسەرەتاوە ئەنجام دراون لەڕووى نەتەوەیە مافی کوردى تێدا پێشل کراوە ، ئەنجام دانى سەرژمێرى بۆ نەتەوەى کورد بۆ زۆر ناوچە دەبێتە بنەمایەکى گرنگ بۆ یەکلاى کردنەوەى پرسى نەتەوایەتى تێیدا.هەروەها زانینى ژمارەى دانیشتوان دەبێتە بنەمایەک بۆ یەکلاى کردنەوە پرسى دابەش کردنەوەى سوڵتە جارێکى تر.
* وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: "سەرژمێریی ئەزموونى لە 20ى ئایارى ئەم ساڵ ئەنجام دەدرێت، ئەو کاتەی کە دیاریکراوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاچەند بەکاتێکی گونجاوی دەزانن، چونکە پرۆسەی سەرژمێری پێویستی بەکاتێکی لە بار و گونجاو هەیە ئێستا ئێوە ئەو کاتە گونجاوە دەزانن؟
وەکو کات بۆ ئەنجام دانى سەرژمێرى ئەزموونى گرفتى ئەوتۆى نیە ، بەڵام وەکو بنەماى ئەنجام دانى سەرژمیرى لە عێڕاق کاتیکى دیارى کراو دەست نیشان کراوە کە مانگى ١٠ ئەنجام دەدرێت بەهۆى گونجاوى ڕەوشى کەش و هەواو، وەئەگەر مەبەستان کات واتا ساڵى ئەنجام دانى سەرژمێرى بێت، هەروەک ئاشکرایە ،ئەنجام دانى سەرژمێرى لەعێراق و هەرێمى کوردستان زۆر دواکەوتوە دەکرا لەسالى ٢٠٠٧ جارێک وە لە ٢٠١٧ جارێکى تر ئەنجام درابایە، چونکە سەرژمیرى لە عێڕاق بۆ هەر ١٠ ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بۆ ئیستا کاتێکى گونجاوە بەڵام ئەم ساڵ دەبێت بکرێتە بنەما بۆ ڕاست کردنەوەى کاتى ئەنجام دانى سەرژمێرى بۆ هەر ١٠ ساڵ جارێک.
* لە کۆی ئەو سەرژمێریانەی کە لەماوەکانی ڕابردودا ئەنجامدراوە، نەتەوەی کورد بەچاوی ڕەخنەوە لە هەمویان دەڕوانێت و تەنانەت سەرنجی لەسەر سەرژمێری ساڵی 1957 یش هەیە، دەبێت کورد پێش وەختە چیبکات بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری هەمان نیگەرانی نەبێتەوە؟
بیگومان نەتەوەی کورد بەدرێژاى ئەو ماوەى کە سەرژمیرى تیدا ئەنجام دراوە لە ڕەوشێکى نالەباردابوە لەڕووى ئەمنى و سیاسى و ئابوورى و دیموگرافی، واتا لە هیچ لە سەرژمێریەکان ڕەوشەکەى بۆ کورد تێدا لەبارنەبوە سەربارى خراپى بەشدارى نە کردنى کورد لە بوارى تەکنیکى لەکاتى ئەنجام دانى سەرژمیرى بەشیوەیەکى کارا، لە ئیستادا کورد بۆ سەردەمى ئێستا پێویستە هەماهەنگى تەواوى هەبیت لەڕووى ڕەوشى تەکنیکى ئەنجام دانى سەرژمێرى هەر لەدانى پرسیارەکانى ناو فۆڕمى سەرژمێرى لەلایەک و ، بە ئاگا بوون بۆ ئەو ناوچانەى کە تاوەکو ئێستا بەتەواوى لەڕووى نەتەوایەتى ئاسای نەبونەتەوە بۆ ئەوەى جارێکى تر مێژوو دووبارە نەبیتەوە.
* سەرهەڵدانی جەنگی داعش و لەدەستدانی 51% خاکی کوردستان، ئەمانە گرفت بۆ کورد دروست ناکەنەوە؟
بەدڵنیاوە ئەو ڕەوشە گرفتێکى یەکجگار گەورە بۆ ئەنجام دانى سەرژمیرى دروست دەکات، چونکە دووبارە ئەم ناوچانە کەتونەتەوە ناو دۆخێکى نالەبارى لەڕووى ئەمنى و سیاسى و دیموگرافی ، بەو هۆیەوە پێویستى بەوە هەیە تەواو ئەم ناوچانە ئاسایی بن و هیچ فشارێکى نەتەوایەتى لەم ناوچەیە نەبێت ئینجا سەرژمێرى تێدا ئەنجام بدرێت .
* هۆشیارکردنەوەی پێشوەختەی دانیشتوان، تاچەند بەگرنگ دەزانن؟ کێن ئەو لایەن و دەزگاو دامەزراوانەی کە لەمەدا دەبێت ڕۆڵیان هەبێت؟
بەدرێژاى مێژوو زۆرێک لە گەل و نەتەوەکان ترسیان لە ئەنجام دانى سەرژمیرى هەبوە وە نەتەوى کورد زیاد لە جارێک ترسى لەم پرۆسەیە هەیە بەهۆى ئەوەى سەربارى مانەوەى تێڕوانێکى ئابوورى لەترس لە باج، پرۆسەى ئەنجام دانى سەرژمیرى بۆ کورد نادادیەکى زۆرى تێدا کراوە ، لەئێستادا بەرپرسى یەکەمى ڕاست کردنەوەى ئەو تێڕوانیە هەڵانەى کە تاکی کورد هەیبوە بەرامبەر بە پرۆسەى بۆ ئەو مەبەستە دەزگاکانى ڕاگەیاند پێویستە ڕۆڵێکى کار بگرێن بۆ هۆشیارکردنەوەى دانیشتوان بۆ بەشدارى کردن و وەڵام دانەوەى پرسیارەکان بەڕاستى و دروستى هەروەها ئامادەکارى لەلایەن دەزگا بەرپرسەکانى ئامار بۆ ئامادەکردنى کادیرى زانستى ڕاهێنراو بۆ ئەنجام دانى ئەم پرۆسەیە، سەربارى بەکارهێنانى سەرجەم هۆکارە سەردەمیەکان لەئەم بوراە.
* پەیامتان چییە بۆ میدیا و ئەوانەی لەوبوارەدا کاردەکەن، ئایە هیچ ئەرک و بەرپرسیارەتییەکیان دەکەوێتە ئەستۆ؟
بەدڵنیاوە ئەرکى سەرەکى لەم پرۆسەیە لەسەر میدیاکارو دەزگاکانى ڕاگەیاندنە چونکە ئەم پرۆسەیە پێوستى بە ڕێنمایی و ڕوونکردنەوەو هۆشیارکردنەوەى دانیشتوانە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى کاراو زانستیانە ئەم پرۆسەیە بەئەنجام بگەیەنن.