ڕوانگە _ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی بانکی بازرگانیی عێراق “تی بی ئای” لە پڕۆژەی “هەژماری من” دووپات دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشداریی بانکەکە سوودێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-04-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات”.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) چەندین کۆبوونەوەیان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) ئەنجام داوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هاوبەشییە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، سوودێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، “بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق”.
پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی “هەژماری من” بەردەوامە و ڕێژەی تۆمارکردنیشیان گەیشتووەتە زیاتر لە 260 هەزار کەس، هاوکات 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.