ڕوانگە -  لوقمان مسته فا: خوێنەرانی بەڕێز.. ئەم بابەتە تەنها باس لە سودو زیانەكانی سیستەمێك دەكات كە ناوی سیستەمی بانكی هەژماری منە.مانای ئەوەنیە كە نوسەرەكەی ئەم سیستەمەی پێ پەسەندبێت ، بەڵكو تەنها بەشێوەیەكی یاسای  دیدو تێڕوانینەكانی  خۆی لە سودو زیانەكانی بۆ ئێوەی ئازیز ڕون دەكاتەوە.
سیستەمی بانكی هەژماری من :  بریته له دابەشکردنی مووچە لە رێی کارتی بانکییەوە، فەرمانبەر هەژمارێکی بانکی بۆ دروست دەکرێت و لە رێی کارتێکی زیرەکەوە مووچەکەی وەردەگرێت.
ئەگەر دەستی حیزب و كەسانی چاوچنۆكی لە پشتەوە نەبێت  و بۆ بەرژەوەندی حیزبی و كەسی بەكار نەهێنرێت ئەوە سیستەمێكە وەك هەر سیستەمێكی بانكی مۆدێرن و بێ كێشەیە.
چونكە ئامانج لەم سیستەمە بانكیە وەك خۆیان دەڵێن هەوڵی به مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سه ره كیه له دید گای كەسانی پسپۆڕ لە بوارەكەدا  كە كوڕی ئەم ووڵاتەن و كاردەدەستن لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.
بە متمانیەیەكی ڕەهاوە دەڵێن بەهۆی ئەم سیسته مه وه، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە  (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.
بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.پێیان وایە سودێكی یەجگار زۆری هەیە بۆ هاوڵاتیان.
-سودەکانی سیسته می هه ژماری من : -
ئەم سیستەمە بانكیە وەك باسمان لێوەكرد ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست بەڕێوە بچێت ئەوا  چەندین سودی جۆراو جۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان دەبێتە هۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر. هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل - ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.
هەروەها کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکار لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە. هەروەها لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.
لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە کەرتی بانکیدا و هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.
بەڵام ئەگەر  هاتوو بەشدار بوو بە هۆشیارانەوە مامەڵەی لە تەكدا نەكات بەتایبەت لە كاتی واژۆ كردنی گرێبەستەكەدا كە چۆن بەشدار دەبێت و ئەو بڕگەو مادانە چین و چی لە بەرژەوەندی دایە ئەوا توشی زیانی مادی دەبێتەوە وەك هەر گرێ بەستێكیتر.
هەندێ لە زیان و مەترستەكانی ئەم سیستەمە بانكیە دەخەینە ڕوو
 -زیانه كانی سیسته می  بانكی هه ژماری من :-
لەم سیستەمەدا كەسی به شدار بوو بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكیەكەی بەپێی (هەژماری من)، فەرمانگەكەی ئەو اجباری دەبێ حساب بانكی بكەنەوە.
لەو بانكە گرێبەستێكیان بۆ ڕێكخراوە بەشێك لە ماددە و برگەكانی جێگای هەڵوەستەیە، لەوانە:-
1- بە واژۆكردنی ئەم گرێبەستە پابەند دەكرێ لەهیچ بانكێكی تر هەژماری حیسابی نەكاتەوە.
2-بانكم كردە بریكاری خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆمن) هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێدەكات دەفعیان بكات و لە موچەكەی بیهێنێتە خوارەوە.
3- بانك هەركاتێك بیەوێت (بەرەهایی، هەر لەراستیدا وشەی رەهایان بەكارهێناوە) دەتوانێت عمولەی موچەكەم بگۆڕیت بۆ هەرچەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆمن ناكات.
كۆمەڵێك شتی سەیرتر لە مەرجەكان:-
1- تەلەفۆنت بۆ دەكرێت دەڵێن وەرە كارت وەربگرەوە و باسی عقدی حساب بانقی ناكرێت.
2- دوای ئەوەی واژۆی ئەلكترۆنیت پێدەكرێت ئینجا اعلانی دەكەن كە ئەمە  گرێبەستێكە واژۆت كردوە.
3-بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن.
4- نایەڵن مەرجەكانی گرێبەستی كردنەوەی حساب بانك وێنەبگری.
5- وێنەی گرێبەستە ئەلكترۆنیەكەت پێنادەنەوە.
لە ئەنجامدا : گریمان ئەم سیستەمە بانكیە لەپێشەوەی هەموو بانكە عێراقیەكانەوەیە لە ڕووی مۆدێرنێتی ، وە بە باشترین سیستەمی بانكی دابنرێت ، بەڵام ناتوانی متمانەی خەڵك بە دەستبێنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی حوكمڕانیەتی خۆیدا  نەك هەر نەی نەیتوانیوە خزمەت بە هاوڵاتیەكانیبكات بەڵكو  بۆتە گرفت و سەر ئێشەی بۆ خەڵك دروستكردووە لە سەرجەم سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا .
هەر لە تەك ئەوەشدا پێداگری حكومەت  لەسەر پەیڕەوكردنی سیستەمی بانكی هەژماری من بە شێوەی زۆرەملێ خۆی لە خۆیدا بۆتە هۆی دروستبوونی ئەو بێ متمانەییەی هاووڵاتیان.