ڕوانگە - جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ ستراتیژێكی هاوبه‌ش دابنێن بۆ پاراستنی ژینگه‌، ده‌شڵێت: "ژینگه‌ پرسی ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتووشه‌".

قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی‌: "خۆشحاڵین كه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌رزی سیاسه‌ت له‌ كوردستان و عێراق قسه‌ له‌سه‌ر گرنگیی پرسی ژینگه‌ ده‌كرێت".

قوباد تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: "به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ و ده‌بێت كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ ببێته‌ ئه‌وله‌وییه‌تی سیاسه‌ت له‌ كوردستان و عێراق".

باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "ئاساییه‌ له‌ زۆر بواردا ناكۆكیمان هه‌بێت، به‌ڵام خه‌مخۆری به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌ و كاری هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌ مه‌ترسیداره‌كانی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا ده‌توانێت خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موومان بێت، چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ پرسی ئێستا و پرسی نه‌وه‌كانی داهاتووشه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری عێراق، سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌رپرسانی عێراق و كوردستان، به‌شداربووین له‌ سیمپۆزیۆمی نێوده‌وڵه‌تیی وشكه‌ساڵی و كاریگه‌ری گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابوری و دیموگرافیا له‌ عێراق".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌م قۆناغه‌دا پێویستمان به‌وه‌یه‌، هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ ستراتیژێكی هاوبه‌ش دابنێن بۆ پاراستنی ژینگه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنی و مه‌ترسیداره‌كانی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا".

قوباد تاڵه‌بانی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ساڵانه‌ش بودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت و سود له‌ هه‌موو توانا زانستییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگیرێت".