ڕوانگە - مامۆستایانی ناڕازی هەژماری منیان رەتکردەوە و دەڵێن پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق و داواکارییەکانمانە و دەشڵێن، “مووچەخۆران بوونەتە قوربانی نێوان هەردوو حکومەت”.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، متمانە بە پڕۆژەی “هەژماری من” ناکەن و داواشیان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بانکی بازرگانیی عێراق کرد، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەرببڕن و روونکردنەوە لەسەر قسەکانی حکومەتی هەرێم بدەن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی هۆشداریشیاندا، لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و ئاڕاستەکردنی لە هەرێمەوە بەرەو بەغداد و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر لایەنە پەیوەندییدارەکان، لە دۆخی پابەندنەبوون بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی.
مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەیان بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم دەڵێت بانکی بازرگانی عێراق TBI بەشدارە لە “هەژماری من” بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بانکەکەش بەو جۆرە روونکردنەوەیان نەداوە و دەشڵێن، “ئێمە نامانەوێت مووچەکانمان بچێتە ناو هەژماری من و ئێمە بە بانکیکردن (توطین)ی مووچەکانمان دەوێت، وەک بڕیارەکەی دادگا.”