ڕوانگە - سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ستایشی هاوكارییەكانی نێوان عێراق و سوریای كرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزكردنەوەی ئاسایشی سنوورەكان.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕوانگەی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، لە پەراوێزی لوتكەی عەرەبی لە سی و سێهەمین دانیشتنی خۆیدا كە لە بەحرەین بەڕێوەچوو، لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا كۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوریا، وەزیری كاروباری دەرەوە و كۆچبەران فەیسەڵ میقداد و جێگری وەزیری كاروباری دەرەوە و كۆچبەران بەسام سەباغ و نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی حیسامەدین ئالا.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە میانی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێكرد و كاریان بۆ بەهێزكردنیان كرد لە بوارە جیاوازەكانی بەرژەوەندی هاوبەشدا بە شێوەیەك كە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی برا بەدەستبهێنێت و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بچەسپێنێت.
هەروەها سەرۆك كۆمار ستایشی، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو هاوكارییەی كرد كە لە زۆر ئاستدا بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزكردنەوەی ئاسایشی سنوورەكان، و تەئكیدیشی لە پشتیوانی عێراق بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا كردەوە.
سەبارەت بە پێشكەوتنەكانی ناوچەكە، هەردوو سەرۆك جەختیان كردەوە لەسەر گرنگی كاركردن بۆ كەمكردنەوەی قەیرانەكان و دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەگوێرەی بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و پێویستی هەنگاوی كاریگەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی دژی گەلی فەڵەستین و كۆتایی هێنان بە شەڕی كەرتی غەز، هەروەها داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە پشتیوانی لە پێدانی تەواوی مافە ڕەواكانی گەلی فەڵەستین بكات.