ڕوانگە - دواى چەند سەردان و کۆبونەوەیەک لە نێوان وەزارەتى کشتوکاڵ و حکومەتى عێراق، تائێستا عێراق ئامادەنییە هەموو بەرهەمى گەنمى جوتیارانى هەرێم وەربگرێت و سبەینێ وەزیرى و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە سەردانى بەغدا دەکات.
ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سایتى ڕەسمى پارتى وتووە، سبەی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵ سەردانی بەغدا دەکات، مەبەست لە سەردانەکەش یەکلاییکردنەوەی پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت یەکلاییی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە سێیەم سەردانە بۆ بەغدا دەکرێت.
دەشڵێت: نامانەوێت ئەمساڵ ڕێژە دیاری بکرێت و بەپێی ڕێژەی چاندن و بەرھەمی گەنم مامەڵەمان لەگەڵ بکەن لە وەرگرتنی گەنم، بۆیە چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی خۆیان دەکەن بەو شێوەیە بێت لەگەڵ ئێمەش، ھاوکات وەرگرتنی ڕێژەی گەنم لە جووتیارانی ھەرێممان ڕەتکردۆتەوە و بەمە ڕازی نابین و پێویستە بەپێی ڕێژەی گەنمی جووتیارانی ھەرێم گەنم لە جووتیاران وەربگرن.
وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ وتیشى: ئەمساڵ بەشێوەی سەتلایت داتا زانیاری و بەڵگەمان داوە بە بەغدا، کە ئەمساڵ دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بەگەنم چێندراوە و باران بارین زۆر باشتر بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن، بۆیە لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە و چاوەڕێ دەکرێت بڕیاری کۆتایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.