ڕوانگە - وەزیری تەندروستیی حكومهتى هەرێم ڕایگەیاند، تەنها لەعێراق 50 حاڵەتی تای خوێنبەربون تۆمارکراوەو ههشت کەسیان گیانیان لهدهستداوه.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومهتى هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئێستا بەرنامەیەکی گرنگمان هەیە، کە بەرنامەکە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانە، ئەو بەرنامەیە ڕۆژانە وەکو ڕۆتین کاری لەسەردەکرێت.
وتیشى:"چەندان نەخۆشی گوازراوە هەن، لەنێوان مرۆڤ بۆ مرۆڤ لەوکاتەی کە نەخۆشی دەگوازرێتەوە، ئەم نەخۆشیانە پڕۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ گەڕان بەدوای حاڵەتەکان، بۆ کۆنترۆڵکرنو کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشیە گوازراوانە".
دەشڵێت:"چەندان ڕێگەو تایبەتمەندی جیاوازی هەیە بۆ نەخۆشییەکان، بەڵام بەشێوهیەک لەو نەخۆشییانە، نەخۆشی هاوبەشن لەنێوان باڵندەو مرۆڤ یاخود ئاژەڵو مرۆڤ، یاخود بەرهەمە کشتوکاڵییەکانو مرۆڤ، بۆیە ئێمە ڕۆژانە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵو وەزارەتی تەندروستیو ئیدارە سەربەخۆکانو بەڕێوەبەرایەتییەکان کە سەر بەکەرتی تەندروستیی تیمەکانی کشتوکاڵو ڤێتەرنەری لەسەر هێڵین".
بهوتهى وهزیرى تهندروستى، "ئێمە نوسراوی پەیوەندییو هەماهەنگی لەنێوانماندا هەیە، بۆ هەر حاڵەتێک لەگەڵ فەرمانگەکانی ئاو، وەزارەتی ناوخۆ، تەنها کشتوکاڵ نییە، بەڵام کۆمەڵێک نەخۆشی هاوبەش هەیە، لەڕوی تەندروستییەوە زانستێکی تەواو جیاوازە".
د.سامان بەرزنجی ئهوهشى وت، "هاوشێوەی هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا، ئامادەکاریی دەکەین بۆ خۆپارێزییو کۆنترۆڵکردنیی نەخۆشییە گوازراوەکان، پێش سەرهەڵدانو پەیدابونی نەخۆشییەکە، کۆنترۆڵکردنەکەی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی پێویستە زوو کۆنترۆڵ بکرێت".
جهختیكردهوه، "لەسەرەتای هاوینو گۆڕانی کەشوهەوا، کە هەموو جیهان لەگۆڕانی کەشواهەوادایە، نەخۆشی سکچونو کۆلێراو نەخۆشی تای خوێنبەربونیش بونیان ههیه کە ئەمەیان بۆ ئێمە جێگەی مەترسییەو بایەخی زۆری پێدەدرێت، چونکە ڕێژەی مردنو پەککەوتن زۆر زۆرە".
ئاشكراشیكرد، "ئەم نەخۆشییە لەعێراقدا هەیەو یەکەم حاڵەتیش لەهەرێمی کوردستان دوێنێ دەستنیشانکرا، لەعێراقیش 50 حاڵەتی توشبون بەتای خوێنبەربون هەیە کە 8یان گیانیان لهدهستداوه، لەکوردستان دوو حاڵەت تۆمارکراونو یەکێکیان مردوە".