زایەڵە - حکومەتی ئیسپانیا، بۆ راگرتنی دەستبەجێی بۆردوومان و هێرشە زەمینیەکانی بۆسەر شاری رەفەح لە غەززە، داوای لە ئیسرائیل کرد پابەندى بڕیاری دادگای دادى نێودەوڵەتى بێت.

خۆسێ مانوێل ئالبارێس، وەزیری دەرەوەی ئيسپانيا لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ئێکس بڵاویكردووەتەوە، دادگای دادی نێودەوڵەتی رێوشوێنی خۆپارێزیی داناوە، لەناویاندا پابەندکردنى ئیسرائیلە بۆ راگرتنى هێرشە سەربازییەکانی لە رەفەح، هەربۆیە پێويستە ئیسرائیل پابەند بێت.

جەختیشی لەوەشکردەوە، بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لەڕووی یاساییەوە پابەندکەر بووە.

گوتیشى، "هەمان شت بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان دروستە، پێویستە کۆتایی بە ئازارەکانی خەڵکی غەززە و توندوتیژییەکان بێت".

پێشتر ئەفريقای باشوور هێرشەکانی ئيسرائيلی بۆسەر رەفەح بە جينۆسايد ناوبرد، لەسەر ئەو پرسە دۆسيیەيەکی بردە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی، رۆژی هەینی رابردوو دادگاکە فەرمانی بە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشە زەمینی و ئاسمانیيەکانی لە رەفەح رابگرێت.

ئۆپراسیۆنەکانی ئيسرائيل لە رەفەح لە 7ـی ئایارەوە دەستیپێکرد، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ هۆشدارييە نێودەوڵەتييەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی یەک ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی سڤیل کە لە شارەکەدا گیریان خواردووە.

رۆژی چوارشەممە، ئيسپانيا، ئایرلەندا و نەرويج رايانگەياند، حکومەتی وڵاتەکانيان دان بە دەوڵەتی فەڵەستیدا دەنێت، لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەشدا ئيسرائيل باڵيۆزەکانی لەو سێ وڵاتە بانگهێشتکردەوە و رۆژی هەینی رایگەیاند، رێگری لە کونسوڵخانەی ئیسپانیا دەکات لە قودس هاوکاری فەڵەستينييەکانی رۆژئاوا بکات.