ڕوانگە ـ د. نەرمین مەعروف ڕایگەیاند: لە بودجەی ئەمساڵدا دابەشکردنی مانگانەی مووچە لە هەرێم بە تەواوی مسۆگەرکراوە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکرا لەبارەی راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024
ئاماژەی بەوەشکردوە، بودجەی ئەمساڵ تەنها خشتەی داهات و خەرجی لەخۆدەگرێت بە بڕی خەرجی زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار و مانەوەی دەقی ماددەکانی بودجەی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی ( 2023، 2024، 2025) کە پارساڵ پەسەندکرا.
د. نەرمین مەعروف راشیگەیاندووە، " بودجەی ئەمساڵ هیچ تەرخانکراوێکی تێدا نییە بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پترۆدۆلار."
ئەوەشی خستوەتەڕو، پشکی هەرێم لەگەڵ بڕی تەرخانکراو بۆ تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە، و لەم بڕە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەتەواوی بەدەرکراوە لە مەرجی خەرجی کرداری(الانفاق الفعلي)، بەوەش دابەشکردنی مانگانەی مووچە لە هەرێم بە تەواوی مسۆگەرکراوە.