ڕوانگە ـ ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر بەسەر دورێنەکردنی بەروبومی کشتوکاڵی لەگەرمیاندا تێپەڕێوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیارانی سنورەکەی وەرنەگرتووە و، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت: تائێستا هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ڕێک نەکەوتوون و هەتاوەک و ڕێککەوتنیش نەکرێت هیچ سایلۆیەک ناتوانێت بەتەنها بەروبوومی جوتیاران وەربگرێت.
کاروا ڕەئوف عەزیز، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" تائێستا لە گەرمیان دەستنەکراوە بەوەرگرتنی گەنم، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغداد و هەرێم لەسەر وەرگرتنی گەنم ڕێکنەکوتوون هەرکات ڕێکەوتن ئەوکات پێمان دەڵێن کە هەرجوتیارێک بڕی چەن گەنمی لێوەربگیرێت.
وتیشی:" ساڵی پار 30 هەزار و 500 تەن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەمساڵ ئەو بڕە زیاتربکرێت، چونکە ئەمساڵ بەرهەمی کشتوکاڵی گەنم زۆر زیاترە لە ساڵی پار.
کاروان ڕەئوف عەزیز بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، ڕونیشی کردەوە:" دواکەوتنی وەرگرتنی گەنم زیانی زۆر بە جوتیاران دەگەیەنێت، چونکە جوتیار کە شوێنێکی نەبو گەنمەکەی لێ دابنێت ناچاردەبێت لە بازاڕی ڕەشدا بەروبومەکەی هەرزان فرۆش بکات، بەداخەوە ئەم گرفتە هەرئەمساڵ پێش نەهاتووە بۆ جوتیاران، بەڵکو چەندین ساڵە ئەوگرفتە بونی هەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەرمیان، هاوشێوەی پارێزگایی سلێمانی، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و کەچی لە گەرمیان زوتر دورێنە دەست پێدەکات و لە هەندێک ناوچەی سلێمانی هێشتا دورێنە دەستی پێنەکردووە
کاروان ڕەئوف عەزیز بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو:"یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە ئەوەیە کە توانای وەرگرتن لە سایلۆی گەرمیان لە 80 هەزار تەن زیاترە کە ئەوەش دووبەشە بەشێکی سایلۆ نوێکەیە و ئەوی دیکەش کۆگای کراوەی گەنمە کە ژمارەیان 6 کۆگایە و کە لەدەرەوەیە و ئەم ساڵ و ساڵی پاریش هەر لە کۆگاکانی دەرەوە گەنم وەردەگیرێت و سایلۆ نوێیەکە بەهۆی نەبونی فەرمانبەرەوە توانای ئەوەی نییە گەنمی تێدا هەڵبگیرێت بۆیە ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان