ڕوانگە - نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دەڵێت، دەبێت هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ( یۆنامی) رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری ئەواندا و بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

لە راپۆرتی نەخشەڕێگای یۆنامیدا هاتووە، لەسەر داواکاریی ئەمینداری گشتی و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێویستە تاوەکو ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نەخشەڕێگەی کشانەوەی یۆنامی لە وڵاتەکە بە تەواوی دابڕێژرێت.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا داوای هەماهەنگی تەواو لە حکومەتی عێراق کراوە تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، پاراستنی دامەزراوەکان و پاراستنی پەیکەربەندی رێکخراوەیی، چالاککردنی دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ، داواکاریی دیکەی یۆنامین لە حکومەتی بەغدا کە دەبێت پەرەیان پێبدات.

یۆنامی ئەوەشی خستووتە روو، "دوای کۆتاییهاتنی ماوەی مانەوەیان، ئەرکیان بریتی دەبێت لە پێدانی راوێژ، هاوکاری و پاڵپشتیی تەکنینکی بۆ حکومەتی عێراق، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دامەزراوەکانی دیکەی عێراق".

رۆژی ٣١ـی مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەركی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانی لە عێراق "یۆنامی" تاوەكو كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ درێژكردەوە.