ڕوانگە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەهێزكردنی پەیوەندیی ئەكادیمی لەنێوان هەردوولا و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجانی داهێنەر لە بواری تەكنەلۆژیا و كارسازیدا تاوتوێ كرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی سوپاسی باڵیۆزی هیندستان و حكومەتی ئەو وڵاتەی كرد، كە ڕۆڵی گرنگیان بینی لە سەركەوتنی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان لە سلێمانی و داوایكرد، “لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم هاوكارییانە بەردەوامیان هەبێت”.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ڕۆئیای خۆی و پلانی حكومەتی هەرێم دا بۆ پەرەپێدان بە تواناكانی گەنجانی داهێنەر لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و كارسازیدا و وتی، “لە كوردستان ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجانی بە توانا و داهێنەر هەن، كە خواستیان هەیە لەڕێگەی داهێنانەوە بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی كوردستان”.
جێگری سەرۆك وەزیران داوای كرد، هیندستان بەوپێیەی وڵاتێكی پێشەنگە لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و داهێناندا، هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لە پەرەپێدان بە تواناكانی گەنجان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزكردنی پەیوەندیی ئەكادیمی لەنێوان زانكۆكانی كوردستان و وڵاتی هیندستان كرا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حكومەتی هیندستانی كرد، كە لە ماوەی رابردوو ٥٠ زەمالەی خوێندنی لە قۆناغەكانی ماستەر و دكتۆرا بۆ خوێندكارانی هەرێم دابین كردوە و هیواشی خواست لە ساڵانی داهاتووشدا ژمارەیەكی زیاتری خوێندكاری كورد لە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا وەربگیرێن.