ڕوانگە ـ لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2011ی سوریا و خۆرئاوای کوردستانەوە، بڕیاربوو لە 11ی ئەم مانگی شەشەدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە ئیدارەی خۆسەر لە خۆرئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت. پێشتر بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە لە 30ی ئایار بەڕێوەبچێت بەڵام دواخرا بۆ 11ی حوزەیران. 6ــ 6 ــ 2024 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند کە بۆ جاری دووەم لە سەر داوای پێنج هێز و لیستی بەشداربووی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنەکە لە 11ی حوزەیرانەوە بۆ 8ی مانگی ئاب دواخراوە.
هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن لە خۆرئاوادا، رەنگە لە رووخساردا وادەربکەوێت کە دوورە لە پیلانی دەرەکی و دەستتێوەردانی نەیارەکان، بەڵام ئەم دۆخە بەدەرنییە لە سیناریۆی ئەهریمەنیانەی چەند وڵات و حزبێک، لەگەڵ ئەم دەستتێوەردانانەشدا هێزەکانی خۆرئاوا کارێکی باش دەکەن لەهەلومەرجی ناهاوسەنگ و دژواری ناوچەکەدا پەلە لە هەڵبژاردن ناکەن و لە رێگەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە تەماعکاریی و پیلانەکان دژی خۆرئاوا پوچەڵ دەکەنەوە.
ئەوەی لەم نێوانەدا لە هەر لایەن و وڵاتێک زیاتر دژی هەڵبژاردنە لە خۆرئاوای کوردستان و لەهەوڵی نەکردنێتی نەک دواخستن!، بە پلەی یەکەم دەوڵەتی تورکیایە، تورکیا لەسەرەتاوە تا ئێستا دژی هەڵبژاردن بووە، بیانووەکەشی ئەوەیە مادام 63%ی سنوورەکانی لەگەڵ خاکی سوریادا هاوبەشە و کاری هاوبەشیی ئەمنییان پێکەوە هەیە، بۆیە هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر دەسەڵاتی خۆسەری خۆرئاوادا بکرێت مەترسییە بۆسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و هەروەها زیانیشە بۆ ئاسایشیی نەتەوەیی تورکیا.
لەراستیدا بیانووەکەی تورکیا تایبەت بە یەکپارچەیی خاکی سوریا، دوورە لە راستییەوە و ئەوەندەی تورکیا مەترسییە بۆسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا، هیچ حزبێکی کوردی و هیچ گروپێکی تیرۆریستی هێندە مایەی مەترسی نین لەسەر سوریا، بەڵام خەمی ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دژایەتی هەڵبژاردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا بەهەموو جۆرێک دژی کوردە لەهەرکوێ بێت، بۆیە تورکەکان وایدەبینن ئەگەر لێگەڕێن لە سوریا ئەم ستاتۆیە لەسەر هەموو بنەما حکومڕانی و سیاسی و مۆدێرن و ....هتد ببێت بە واقیع، ئەوا دوورنییە کاریگەری بۆسەر کوردانی باکووریش هەبێت، بێگومان لە روانگەی ئەم دیدگا تورکییەشەوە، هەر جوڵەیەکی کورد لە خۆرئاوادا مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.