ڕوانگە - پلانێكی وەزارەتی كارەبا بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە بە بڕی 11 هەزار مێگاوات زیاد دەكات.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان پلانێكی ستراتیژی داناوە كە سێ ساڵ دەخایەنێت و لە ئێستاوە دەستپێدەكات، ئامانجیانە نزیكەی 11 هەزار مێگاوات بۆ كارەبای نیشتمانی زیادبكەن.
وتیشی، “پلانەكە بونیادنانی پرۆژەی وزەی خاوێن، لەوانەش وێستگەی كارەبای خۆر و هی دیكەی گەرمی لەخۆدەگرێت، سەرەڕای كارگەی ریسایكلینی خاشاك و سوودوەرگرتن لە وزەی با”.
وتەبێژی وەزارەتەكە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی “سەباح” ئاماژەی بەو وێستگانەش دا كە لەئێستادا لە كەركوك، بەغداد و ئەنبار كاریان لەسەر دەكرێت.
پێشتریش وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، دۆخی كارەبا لە هاوینی ئەمساڵدا باشتر دەبێت لە ساڵی رابردوو.