ڕوانگە - سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌یه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌تى عێراق ده‌گرێت‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێم ده‌یكات هیچ كاتێك‌و به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێك نه‌یكردوه‌"، ده‌شڵێت:"پێویست ناكات هه‌موو مانگێك به‌غدا داواى كۆدو ناوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌هه‌رێم بكات".

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق سه‌باره‌ت به‌کێشەی موچەی هێزە ئەمنییەکانى هه‌رێم په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "هەماهەنگییەکی باش هەیە، بەڵام  وردبینیی لیستەکان کاتی پێویستە بۆیە ناردنی پارە دواکەوتوە".

وتیشى:"تائێستا حکومەتی عێراق موچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردوە، به‌ڵام پێشبینیدەکرێت پێش جەژن ڕه‌وانه‌ى بكات".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "پێویست ناکات وەزارەتی دارایی عێراق  هەموو مانگێك بۆ وردبینی داوای کۆدو ناوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بکات، ئاخر کەی کۆدو ناوی هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن ئەو وەزارەتەوە وەرگیراوە، بۆیه‌ داوامان كردوه‌ ئەم کێشەیە نەمێنێت‌و پێویستیشە کۆتایی بەوردبینی ناوو کۆد بهێنرێت".

سه‌باره‌ت به‌پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش، ڤیان سەبری بابەتەکەى بەئاڵۆز ناوبردوه‌و دەڵێت، "پێشتر سوننەکان دوو ماڵ بون ئێستا بونەتە سێ ماڵ‌و دەبێت لایەنە سوننەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە".