ڕوانگە - خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازیکرد لە خاتوو لەیلا خەفاجی ئەمینداری گشتی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە و ژمارەیەك لە ژنانی زیندانی سیاسی.

لەدیدارەکەدا، کە رۆژی سێشەممە 11-6-2024 بەڕێوەچو، خانمی یەکەم دوپاتیکردەوە، کە ژنانی عێراق چەندین هەڵوێستی پاڵەوانانەیان هەبووە لەدژی رژێمی دیکتاتۆری و لەم بوارەشدا قوربانی زۆریان داوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی. ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنانی عێراق چەندین چیرۆكی ئازایانەیان نوسیوەتەوە و هەمووکات لەبیرەوەری مێژوودا دەمێنێتەوە و نەوە دوای نەوە شانازی پێوەدەکات.
راشیگەیاند، ژنانی عێراق لە باشور و ناوەڕاست و هەروەك لە هەرێمی کوردستان جوانترین نمونەی ماناداریان پێشکەشکردوە و بەبێ دوودڵی بەشداربون لەبەدەنگەوەهاتنی بانگەوازی نیشتمان و روبەڕوی ستەمکاری رژێمی لەناوچوو بونەتەوە. هاوکات بەشدار و پاڵپشت بوە لە جەنگی دژی تیرۆر و بەوەش گوزارشتی لەخۆشەویستی نیشتمان و سەرخستنی بەهاکانی ماف و رەخساندنی سەقامگیری و ئاشتی کردوە. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەپێویستی دەرکردنی ئەو یاسایانە کرد کە مافەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان مسۆگەر دەکەن، سەرەڕای کارکردن بۆ پشتیوانی دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، لەمبارەیەشەوە هەوڵەکانی دامەزراوەی شەهیدانی بەرزنرخاند لەپاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەشداریکردن لەئەنجامدانی پشکنینی تەرمەکان و دیاریکردنی ناسنامەکانیان و رادەستکردنەوەیان بەکەسوکاریان. 
هاوکات لەدیدارەکەدا، گۆڕینی بەندیخانەی رەشاد بۆ مۆزەخانەیەك تاووتوێ کرا، کە بیرەوەرییەکانی خۆڕاگری ژنانی زیندانیکراو و روبەڕوبونەوەی تاوان و شێوازەکانی سەرکوتکردن بەرجەستە دەکات، هاوکات باس لە دۆسیەی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە کرا، کە تائێستا هەڵنەدراونەتەوە. 
لەلایەن خۆیەوە خاتوو لەیلا خەفاجی ستایشی هەوڵەکانی خانمی یەکەمی کرد بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی عێراقی و هاوکاریکردنیان تا رۆڵی خۆیان ببینن.
هەروەها هەوڵە گەورەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ لای کەسوکاریان، بەرزنرخاند.