ڕوانگە - سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسیان لە باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە کردووە. لای خۆیەوە، باقری باسی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تارانی کرد. 
 
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "باسی چۆنییەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە و کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکەمان کرد. هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی دوولایەنە و هەموو ناوچەکەدایە. "
 
لای خۆیەوە، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆک و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی. 
 
باقری گوتی: ئایینی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشیشمان [لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە]، ئەوەش وادەکات ئێمە بەیەکەوە بین. ئەم پەیوەندییە هێزێکی بێهاوتای دروستکردووە لە ناوچەکە کە ئەمە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەدیدەهێنێت. ئەم هێزە وایکردووە کە دووژمنان چاویان لەسەر بێت، چونکە ئەوان نایانەوێت ئاسایش هەبێت، چ لە ئێران، لە عێراق، هەروەها لە ناوچەکەش." 
 
ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوه‌ندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تاووتوێ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژوەنديی هاوبەش.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە." 
 
هاوکات، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، "خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە." 
 
باقری هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.