ڕوانگە ـ بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”نوقومکردنی بەلەمی پەنابەران سنورەکانی دوو ڕوویی ئەوروپای تێپەڕاندووە”.

ئەمڕۆ چوار شەممە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە ئاماژە بەوەدەکات، “نوقومکردنی بەلەمی پەنابەران لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریایی هەندێ وڵاتەوە، کۆنترۆڵکردن و تەلبەندکردنی سنورەکان و دورگەکان، سیاسەتی هێشتنەوە لە کەمپ و زیندانیکردنی پەنابەران لە گرتووخانە دەستبەسەرەکان و ڕاگرتنیان لە ژێر خێمەو خانوە پلاستیەکییەکان، هەروەها دورخستنەوەی پەنابەران لە سەنتەری شارەکان و جێگیرکردنیان لە شوێنە سەربازی و لە نێو کەشتییەکان و نیشانەی دووڕوویی وڵاتانی ئەوروپایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەمڕۆ تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نیودەوڵەتییەکانی هیچ شەرعیەتێکیان نەماوە کاتیك کە قازانج و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی بەشدار دەکەوێتە مەترسییەوە”.

فیدراسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە اتوندی ڕەخنە لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەوروپی دەگرێت و دەڵێت”دەرکردنی یاسای گواستنەوەی پەنابەران بۆ دورگە دورەدەستەکان، لێسەندنەوەی مافی کارو بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، تەنانەت وەك تاوانبار مامەڵەکردن لەگەڵیان، تا دەگاتە پەرەدان بە ڕەگەزپەرستی و جیاکاری و سوکایەتیکردن بە پەنابەران و ناوزەدکردنیان وەکو سەرچاوەی هەرچی کاری خراپە لەو وڵاتانەدا ئەنجام دەدرێن و تاد… ئەمانە هەموو سنورەکانی دوو ڕوویی و تاوانکارییان تێپەڕاندووە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەژێر سایەی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بە دڕندانەترین شێوە دەستی بۆدەبەن”

فیدراسیۆنەکە دەشڵێت “ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی پەنابەران لە دۆخێکدا بەرپادەکرێت کە بە پێش چاوی جیهانەوە شەڕو کۆمەڵکوژی و کاولکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و بێخانەو لانەیی ژیانی سەدان ملیۆن لە ئینسانی کۆمەڵگای بەشەری ڕووبەڕووی کارەسات کردۆتەوە”.