ڕوانگە ـ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە گەرمیان و کەم بونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاوڵاتیان، نیگەرانی لای دانیشتوانی  گەرمیان، دروستکردووە و وتەبێژی وەزارتی کارەبای حکومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت:" گەرمیان بەراورد بە هەمو ناوچەکانی کوردستان چەند کاتژمێرێک زیاتر کارەبای بۆ تەرخان کراوە.

هەردی عەباس، چالاکوانی مەدەنی لە گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە ڕوی لە ناوچەکە کردووە، حکومەت و وەزارەتی کارەبا لەبری زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا، کەچی هاتوون کارەبی ناوچەکەیان بەڕادەیەکی زۆر  کەمکردۆتەوە

وتیشی:" ئەگەر تێبینی بکەین ئەوکات دەبینین ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی دیکە پێدانی کارەبا زۆر خراپتر بووە و هەندێک شەو تا بەیانی کارەبای نیشتیمانی نادرێت بە هاوڵاتیان.

هەردی عەباس، ئاشکرایشیکرد:" خراپ بونی دۆخی کارەبا لە گەرمیان لەکاتێکدایە کە وێستگەیەکی نوێی بەرهەم هێنانی کارەبا لە ناوچەکەدا کراوەتەوە و لە هەمانکاتیشدا حکومەت و وەزارەتی کارەبا سیستەمی زیرەکیان لە ناوچەکەدا پەیڕەوکردووە و کەچی هیچ یەکێک لەو دووانە نەبون بەهۆی باشبونی دۆخی کارەبا لەگەرمیان.

هەردی عەباس، چالاکوانی مەدەنی لەگەرمیان، ئاشکرایشیکرد:" ئەوەی زیاتر هاوڵاتیانی گەرمیانی نیگەران کردووە ئەوەیە کە گەرمیان گرفتی کەمی کارەبای هەیەو کەچی حکومەت لەڕێگەی گەرمیانەوە کارەبا دەفرۆشێت بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەربۆیە ئەمە بەجۆرێک ئێمەی نیگەران کردووە کە بیرلەوەبکەینەوە کە لە ئایندەدا کەمپینێکی فراوان دژی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە گەرمیان ڕێکبخەین.

لای خۆشیەوە، حازم کەریم حەمید، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان، بۆ ڕوانگە وتی:"  هەموساڵێک پێش هاتنی وەرزی هاوین نوسراومان بۆ وەزارەتی کارەبا کردووە بۆئەوەی لە هاویندا چەند مێگاواتێک هاوکاریمان بکەن بۆئەوەی بتوانین چەند کاتژمێرێک زیاتر کارەبا بدەین بە هاوڵاتیان، بەڵام تائێستا وەزارەتی کارەبا بڕیاری ئەوەی نەداوە کە ئەو 20 مێگاواتە کە ساڵانی پێشوو دراوە بەگەرمیان، بۆ ئەمساڵیش پێمان بدرێت،

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێستا  تەنها شەش بۆ حەوت مێگاوات کارەبا  لەو بڕەی خۆمان زیاتر وەردەگرین، کە ئەوەش ئەو قەرزەیە کە ساڵانی ڕابردوو لەوەرزە ساردەکاندا لێمان بڕاوە و دراوە بە ناوچە کوێستانیەکان و ئێستا وەزارەتی کارەبا دەمان داتەوە.

حازم کەریم حەمید، باسی لەوەشکرد:" یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی کە ڕوبەڕومان بوەتەوە و وای کردووە کاتژمێرەکانی کارەبا کەم بێتەوە ئەوەیە کە پلەی گەرمای ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە وئەمەش بووە بەهۆکاری زیادبونی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا.

لە بارەی فرۆشتنی کارەبا لەڕێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە، بەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەروەها دانانی پێوەری زیرەک کە نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووە.

حازم کەریم حەمید، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان، ڕونیکردەوە:" ئەوکارەبایەی کە دەفرۆشرێت بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هیچ پەیوەندی بەوبڕەکارەبایەوە نییە کە بۆ گەرمیان تەرخانکراوە، بەڵام ئەوە گرفتێکی بۆ ئێمە دروستکردووە ئەویش ئەوەیە کە ئەو کارەبایە لەڕێگەی هێڵەکانی کارەبای گەرمیانەوە ڕەوانە دەکرێت کە ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر ڤۆڵتێی کارەبا لەناوچەکە، هەروەها پێوەری زیرەک نەک گرفتی دروست نەکردووە، بەڵکو ئەگەرپێوەری زیرەک نەبێت  ئەوا ناتوانین ئەو چەند کاتژمێرە کارەبایەی کە ئێستا دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەو جۆرە دابینی بکەین.

بۆ بەدواداچونی زیاتر و لێکۆڵینەوە لە وردی و درشتی گرفتی کەمی کارەبا و چۆنێتی چارەسەرکردنی لە گەرمیان، پەیامنێری ڕوانگە پەیوەندی کرد بە وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمەوە و ئەوان ڕایانگەیاند:" کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هاویندا،  پەیوەندی بەزیادبونی خواستەوە هەیە لە کاتێکدا ئێمە بەرهەمی کارەبامان جێگیرە، بۆیە پێدانی کارەبا لەسەر حیسابی کاتژمێرەکان دەبێت.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارە، وتیشی:" تا ئێستا کارەبای گەرمیان، بەراورد بە هەمو ناوچەکانی کوردستان  باشترە لەڕوی بونی کاتەکانی کارەباوە و بەپێی ئەو داتایانە، لە ئێستادا ڕۆژانە 14 کاتژمێر و نیو کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان کە ئەمە بەراورد بەناوچەکانی دیکە گەرمیان 3 کاتژمێر زیاتر کارەبای پێدەدرێت و بە تێکڕاش لە ماوەی ئەم 23 ڕۆژەی مانگی شەش دا   17 کاتژمێر کارەبای پێدراوە، لە کاتێکدا کە لە مانگی  ئایاردا، بەتێکڕا بڕی 19 کاتژمێر و بیست و حەوت دەقیقە کارەبا بە گەرمیان داراوە، لە کاتێکدا لەم ماوەیەدا لە دهۆک 12 کاتژمێر و دە دەقیقە و لە هەولێر 12 کاتژمێر و نیو و لە سلێمانی 14 کاتژمێر و چل دەقیقە کارەبا دابینکراوە.

لە بارەی ئەو نیگەرانیانەی کەهەیە دەربارەی فرۆشتنی کارەبای هەرێم بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

ئومێد ئەحمەد،  باسی لەوەکرد:" کە ئەو کارەبایە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕی کارەبای هەرێمەوە نییە، بەڵکو ئەوە کارەبای هەردوو وێستگەی "خورمەڵە و بازیانی غازی" کە لە دوای ساڵی 2015 ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا نەمانتوانیوە سوتەمەنیان بۆ دابینبکەین و یاخود بە پارە ئەو وزەیان لێ بکڕین، بۆیە ئەوان ناچار ئەو بڕە کارەبایە دەفرۆشن بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، ڕونیشی کردەوە:" ئەو بڕە کارەبایەی تەرخانکراوە بۆ گەرمیان نزیکەی 130 مێگاوات کارەبایە و ئەگەر بێت و حکومەت بتوانێت ئەو بڕیە زیادبکات بۆ 200 مێگاوات کارەبا ئەوا گرفتی کارەبا لە گەرمیان بە تەواوەتی چارەسەردەبێت. کە ئەگەر حکومەت لە هەر ناوچەیەک بڕی 5 مێگاوات کارەبا وەک قەرز وەربگرێت و لە هاویندا بدرێت بەگەرمیان و دواتر لە وەرزە فێنکەکاندا لێیان وەربگیرێتەوە، ئەوابە دڵنیاییەوە ئەو گرفتە لە گەرمیان چارەسەر دەبێت.