ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە بەڕێز نەبیل ئەبو رودەینە راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین و وتەبێژی سەرۆکایەتی فەڵەستین کرد و هەڵوێستی عێراقی لەبارەی پشتیوانیکردنی خەباتی گەلی فەڵەستینی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆیان، کە پایتەختەکەی قودس بێت، دوپاتکردەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 1-7-2024 لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، بەڕێز نەبیل ئەبو رودەینە نامەیەکی لە بەڕێز مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستینەوە گەیاندە بەڕێز سەرۆك کۆمار، کە پەیوەندیدارە بە پێشهاتەکانی دۆزی فەڵەستین و نەهامەتی فەڵەستینییەکان بەهۆی کردەوە دوژمنکارییەکانەوە، کە کاریگەرییان کردووەتەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان لە کەرتی غەزە و شارەکانی دیکە.
لەو دیدارەدا سەرۆك کۆمار هەڵوێستی عێراقی دوپاتکردەوە لە پشتیوانیکردنی خەباتی گەلی فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیان، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت. هاوکات جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی وەگەڕخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ راگرتنی هێرشە وەحشیگەرانەکان بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی، هەروەها کاربکرێت بۆ گەیاندنی دەستبەجێی دەرمان و خۆراك و یارمەتیە مرۆییەکان بۆیان.
هاوکات سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، سەقامگیریی ناوچەکە پەیوەستە بەسەقامگیری رەوشی فەڵەستینەوە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێز ئەبو رودەینە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار و هەوڵەکانی حکومەت و گەلی عێراق بۆ بەرگریکردن لە دۆزی فەڵەستین دەربڕی، جەختیشی لە پەرۆشیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامبون لە هاریکاری لەگەڵ عێراق لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا.