ڕوانگە ـ بڕیارە سبەی چوارشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغداد بکات، ئەوەش بە یەکەم سەردانی بارزانی دادەنرێت لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بۆ بەغداد ئەنجامی بدات.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی تەموزی ٢٠٢٤ ڕۆژنامەی شەرقولئەوست بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات، لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغداد گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ ئەو کێشانەی هەن لە نێوان هەردوولادا تاوتوێ دەکات. 
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی پرسی مووچەی فەرمانبەران، یاسای نەوت و گاز، مەلەفی هەڵبژاردن، هەڵوێستی لەسەر پارێزگاری کەرکوک کە تا ئێستا ئەنجوومەنەکەی نەیکردووە، تاوتوێ دەکات. 
ئەوەشی خستەڕوو، دانوستاندنەکانی بارزانی لە بەغداد دۆخی قەزای شنگال لە خۆ دەگرێت، جگە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ ناو پارێزگای دهۆک و شارە کوردستانییەکانی دیکە، ئەگەری بە ئامانجگرتنی هەولێر لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە نێو ئەو بابەتانەدان کە مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکاندا تاوتوێیان دەکات.
دوێنێ دووشەممەش وەفدێکی هەرێم گەیشتنە بەغداد کە شاندەکە پێکهاتووە لە وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب، و بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان.