ڕوانگە - کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)،  گوتی "لە کاژێر 8:35ـی ئەمشەو (چوارشەممە، 3-7-2024) سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، سێ جار بۆردوومانی دەووروبەری گوندی زێوکەی لە قەزای پشدەر کرد."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان بۆردوومانەکان بۆ سەر خڕێ شاخی، چیای جاسوسان و شاخی گەنم ئاوی، بوون لە دەوروبەری گوندی زێوکە، دوو لە بۆردوومانەکان لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بوون و بۆردوومانەکەی دیکەش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە؛ هیچ کەسێک لەو هێرشانەدا نەبووەتە قوربانی، بەڵام ئاگر لە چەند شوێنێک کەوتووەتەوە.
 
گوندی زێوکە لە قەزای پشدەرە و 12 خێزان تێیدا دەژین، لە ئەیلوولی ساڵی 2019ـدا سوپای تورکیا 27 جار بۆردوومانی ناو گوندەکەی کرد، بەهۆیەوە بەشێک لە خێزانەکان گوندەکەیان بەجێهێشت، بەڵام لە دوای ساڵێک گوندنشینەکان گەڕانەوە.
 
هەر ئەمشەو و بە دیاریکراوی دوای کاژێر 09:00ــی شەو، لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە تورکیا هێرشیکردووەتە سەر گوندەکانی ساڵیاوایان لە قەزای پێنجوێن و بناویان و شێخەڵمارێنیان لە ناوچەی شارباژێڕ، بەهۆیەوە ئاگر لەو ناوچانە کەوتووەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرسی قەزای پێنجوێنیش بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا زیانەکان دیارنین، بەڵام پێناچێت هیچ هاووڵاتییەک لەو هێرشانەدا کوژرابێت."
 
لەچوارچێوەی زنجیرە بۆردوومانەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا یەکجار بۆردوومانی (لۆفەکانی کورتەک) و دوو جار بۆردوومانی (گوندی سڵێ)ـیان لە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر کرد.
 
رۆژی 27ـی مانگی رابردوو، رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا راگەیاند "10 رۆژە سوپای تورکیا بە 300 تانکی سەربازییەوە مانۆڕێکی دیکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە، سوپاکە لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەوینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەکە." 
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئایاری 2024، سوپای تورکیا 833 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئەنجامدا هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.