ڕوانگە - مەسعود بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و رایگەیاند "کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق دروست بووە، کە دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان."
کۆبوونەوەکە ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 3ـی تەممووزی 2024) لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغدا کرا.
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ رایگەیاند "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەید عەممار حەکیم لە وتەیەکدا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی کرد و، ئەو سەردانەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، هەروەها ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی کورد و شیعە دا، وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ رزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت."
بارزانی وەک لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا "ئەوەی خستەڕوو؛ ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق دروستبووە، کە دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان."
ئەمە یەکەم سەردانی مەسعود بارزانییە بۆ بەغدا لە ماوەی نزیکەی شەش ساڵی رابردوودا. بارزانی دوێنێ گەیشتە بەغدا و تائێستا زنجیرەکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق و باڵیۆزی وڵاتان کردووە.
بارزانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەروەها ئاماژەی "بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات دژی دیکتاتۆریەت، بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور، جەختیشی لەوە کردەوە؛ دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموولایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین."
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی، پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکان و چۆنیێتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران "بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا."
هەروەها جەختیش لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، کرایەوە کە لەئەنجامی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان، پێکهێنراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەک بارەگای بارزانی دەڵێ "بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە رابردوودا هەبوون، هەروەها چۆنیێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە داهاتوودا دێنە ئاراوە."
مەسعود بارزانی، کە بەمەبەستی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق و دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، لە بەغدایە. جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.