ڕوانگە - سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغداد، گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرجی میدییا ناوخۆی و دەرەکییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و زۆرێک بەسەردانێکی گرنگ و چارەنووس ساز وەسفیان دەکرد و هەندێکیش پێیان وابو سەردانێکی بێئەنجام دەبێت و ئەندامێکی پێشوی پەڕلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت:" یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم سەردانە بۆئەوەبو کە بەرپرسانی عێراق، قایلبن بە مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سنوری بادینان و هەروها بۆیە بەوجۆرە پێشوازی لێکرا بۆ ئەوەی بارزانی دوربخەنەوە لە موقتەداسەدر.
غالب محەمەد، ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لە دوای ڕیفراندۆمەوە ئەمە دووەهەمین جارە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بەغدادی کردووە، جاری یەکەم بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بوو لەگەڵ، حەلبوسی و موقتەدا سەدردا، دواسەردانیشی ئەم سەردانەی ئێستایە.
وتیشی:" پارتی و میدیاکانی پارتی دەیانەوێت ئەم سەردانە بەجۆرێک پیشان بدەن کە دەستکەوتی تێدایە بۆ گەلی کورد،کە بەبڕوای من ئەمانە دورن لەڕاستیەوە و سەردانەکەی جۆرێکە لە تەنازول بۆ بەغداد، چونکە لە دوای بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵییەوە وەک ئەوە وەهایە کە ڕیفراندۆمێکی دیکە کرابێت، چونکە دوای ئەو بڕیارانە زۆرێک لە دەسەڵاتەکان بەتایبەت لە بنەماڵەی بارزانی وەرگیراوەتەوە، چونکە بنەماڵەی بارزانی ئەو جومگانەیان بەدەستەوەبووە. لەوانە پرسی بەڕێوەبردنی نەوت هەروەها خەریکە ڕێگری ئەوەیان لێ دەکرێت کە بەناوی هەرێمەوە بتوانن سەردان و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، هەروەها ئێستا 21 خاڵی سنوری هەیە لە هەرێمی کوردستان، تەنها چواریان فەرمین وا دەبینین ئەوەشیان لەدەست دەردەچێت و لەپرسی موچەشدا بەپێیبڕیاری دادای فیدراڵی واخەریکە مووچەش بەنیشتیمانی دەکرێت، هەمو ئەمانە وایان کردووە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی زۆر کەم بێتەوە.
ئەندامەکەی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، ڕونیشی کردەوە:" ئەم سەردانەی بارزانی بۆئەوەیە کە تورکیا بە ڕەزامەندی پارتی هاتۆتە بادینان و دەیەوێت عێراقیش ڕازی بکات بە مانەوەی تورکیا، لە ناوچەکەدا، هەروەها لەم سەردانەدا داوای کردووە کە "هەژماری من" جێبەجێبکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەڵبژاردنی عێراق، پێشبخرێت و هەڵبژاردنی هەرێم دوابخرێت، ئەو داوایەشی مەبەستێکی لە پشتەوەبووە کە ئەگەر هەڵبژاردنی عێراق پێشبخرێت، ئەوا کۆمیسۆن ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات، بەمەش هەڵبژاردن لە کوردستان، دوادەکەوێت کە پارتی ئەمەی دەوێت،.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە، عێراق بە چی ڕێگایەک دەتوانێت هێزەکانی تورکیا، لە هەرێمی کوردستان وەدەرنێت؟
لە غالب محەمەد، ئاشکرایکرد" عێراق دەوڵەتە و دەتوانێت زۆربەی ڕێگا قانونیەکان بەرامبەر بە تورکیا بگرێتەبەر وەک چۆن بڕیارێک دەرچوو کە هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە عێراق دەرچێت دەتوانێت بڕیارێکی هاوشێوە دەربکات، هەروەها دەتوانێت لەڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانە ئەو داوایە بکات، بەڵام پارتی نایەوێت عێراق لەبارەی پرسی هێزەکانی تورکیاوە هیچ جوڵەیەکی هەبێت.
غالب محەمەد، ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، باسی لەوەکرد:" لەدوای ڕیفراندۆمەوە 50% دەسەڵاتەکانی بنەماڵەی بارزانی کەمیکردووە، وە ئەگەر چەندینجاری دیکە بارزانی بچێتەوە بەغداد هەرگیز جارێکی دیکە ئەو دەسەڵاتانەی بۆناگەڕێتەوە و بارزانی دەبێت لەوە تێبگەت بڕیار لە عێراقدا لەدەستی ئەوکەسانەدا نییە کە ئەو سەردانی کردوون، بەڵکو بڕیار لای پەڕلەمانە، وە ئەوپێشوازیەشی لێیکرا بۆئەوەبوو کە لە موقتەداسەدر، دوریبخەنەوە، چونکە سەدر دەیەوێت ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردن بکات و پۆستی سەرۆک وەزیران ببات و هەربۆیە چاوەڕێ دەکەین دوای هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە دۆخەکەجارێکی دیکە تێکبچێتەوە.