ڕوانگە - پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سنوری قەزای کەلار، بەردەوامی هەیە و تائێستا لە بنکەی وەرگرتنی گەنم لە کەلار، زیاتر لە 40 هەزار تەن گەنم وەرگیراوە.
جەلال ئەحمەد محمد، سەرۆکی لقی جوتیارانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لە بنکەی وەرگرتنی گەنم لە کەلار نزیکەی 75 هەزار تەن دیاریکراوە بۆئەوەی لە جوتیاران وەربگیرێت و لەو ڕێژەیە تائێستا نزیکەی 48 هەزار تەن گەنم وەرگیراوە.
وتیشی:" ڕۆژانە 1800 تەن گەنم وەردەگیرێت و ماوەی زیاتر لە حەوت ڕۆژیش کات لە بەردەستی جوتیاراندا ماوە بۆ ئەوەی بتوانن گەنمەکانیان ڕەوانەی بنکەکە بکەن.
سەرۆکی لقی جوتیارانی گەرمیان،ڕونیشی کردەوە:" هەرچەندە لەپێشوتردا لە کەلار توانای وەرگرنی 40 هەزار تەن گەنم هەبو وەهەروەها بڕیاربو سەروی ئەو چل هەزار تەنە ڕەوانەی سایلۆکانی سلێمانی بکرێت، بەڵام بە هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی گەرمیاندا هەستاین بە دابینکردنی چەند پەنکەرێکی دیکە کە بەو جۆرە توانیومانە جێگەی نزیکەی 70 هەزار تەن گەنم بکەینەوە و بەمەش گرفتێکی گەورەمان چارەسەرکردووە.
جەلال ئەحمەد محمد، سەرۆکی لقی جوتیارانی گەرمیان،
ئاشکرایشیکرد:" تائێستا نزیکەی 17 تەن گەنمیش ڕەوانەی سلێمانی کراوە و بەردەوامیش هەوڵدەدرێت گەنمی دیکە ڕەوانە بکرێت، کەئەوەش گرفتە لەبەردەم جوتیاراندا و هەروەها جوتیاری ناوچەکە ڕووبەروی کۆمەڵێک گرفتی دیکە بونەتەوە لەوانە، جوتیار هەیە زەوی کشتوکاڵی هەیە و کەچی خوتەی بۆ نەکراوە هەروەها جوتیار هەیە خاوەنی زەوی نییە و کەچی خوتەی بۆ کراوە کە ئەمە غەدرێکە لە جوتیاران دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی جوتیار هەیە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە ناوخۆی هەرێمیش خوتەی بۆکراوە کە ئەمەش گرفتێکی دیکەیە ڕووبەڕوی جوتیاران بوەتەوە