ڕوانگە - سەرکردەیەکی چوارچێوەى هەماهەنگی رایگەیاند، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ٢٠ی ئەم مانگەیان وەک دوا رێکەوت بە سوننەکان داوە بۆ ئەوەی لە نێوان خۆیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان رێکبکەون.
عاهد هیلالی بە رۆژنامەى سەباحی عێراقی راگەیاندووە، ئەگەر هێزە سیاسییە سوننەکان لەنێوان خۆیاندا رێکنەکەون، ئەوا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنى وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت و هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت دەبێتە سەرۆکی نوێ پەرلەمان.
هاوکات زیا هنداوى ئەندامى پەرلەمانى عێراقیش باسى لەوە کردووە، دواى پشووەکانى عاشورا دەست بە دانیشتنەکانى پەرلەمان دەکرێتەوە. وتیشى، بەنزیکەیی رێککەوتنی تەواو لەناو پێکهاتەی سوننەدا هەیە بۆ هەڵبژاردنی سالم عیساوی وەک کاندیدێک بۆ ئەم پۆستە.
روونیشیکردەوە، "کوتلەى گەورەی شیعە کە دژی کاندیدکردنی عیساوی بوو، هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەسەر ئەو کاندیدە".
لە کۆتا دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی پەرلەمان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانى نەیانتوانى دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و خولی دووەمی دەنگدانیش بەهۆى دروستبونى پشێوییەوە بەڕێوەنەچوو.